بەهۆی وەستانی بەرهەمهێنان لە کێڵگەی کۆرمۆر لە ئەنجامی هێرشەکەی ئەم دواییەدا، نرخی یەک بوتڵ غازی بازرگانی لە هەرێمی کوردستان لە 18 هەزار دیناری تێپەڕاند و لە 20 هەزار دینار نزیک بووەتەوە، لە بەنزینخانەکانیش نرخی یەک لیتر گەیشتووەتە 800 دینار.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 19ی تشرینی دووەمی 2026، ئاری کاکەشین، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی هەولێر ڕایگەیاند: ماوەی پێنج ڕۆژە پارە بۆ هاوردەکردنی 760 تۆن غاز بۆ پارێزگاکانی هەرێم نێردراوە، بەڵام هێشتا وەزیری نەوتی عێراق ڕەزامەندیی لەسەر ناردنی نەداوە و بە گەیشتنیشی لە ماوەی 12 کاتژمێردا نرخەکان دادەبەزن.
بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی هەولێر هۆشداریشی دا لە ئەگەری نەناردنی ئەو بڕە غازەدا، دابینکردنی غاز کەمدەبێتەوە و نرخی بازرگانی زیاتر بەرز دەبێتەوە، هەرچەندە هەوڵ دەدرێت بەشەغازی ماڵان بەردەوام بێت کە ئێستا لە ڕێگەی بریکارەکانەوە بە 8 هەزار و 500 دینار دابەش دەکرێت.