لە هەولێر و دهۆک دەست بە دابەشکردنی نەوت دەکرێت و سلێمانیش چاوەڕێیە

یەکەم کاروانی نەوتی سپی ماڵان گەیشتە دهۆک و بڕیاریشە ئەمڕۆلە ناوچە شاخاوییەکانی سنووری پارێزگای دهۆک دابەش دەکرێت. پشکی نەوتی پارێزگای هەولێریش لە 50 ملیۆن لیترە نەوتەکەی بەغدا گەیشتووە و ئەگەری هەیە ئەمڕۆ دەست بە دابەشکردنی بکرێت. سەبارەت بە سلێمانی و هەڵەبجە سەرجەم ڕێکارەکان بۆ وەرگرتنی ئەو بەشە نەوتەی بڕیارە لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە بۆ سلێمانی و هەڵەبجە دابین بکرێت، تەواوکراوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 18ی تشرینی دووەمی 2026، فەلاح سەید مەولوود، بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی کانزاکان لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ڕایگەیاند: “بەیانیی ئەمڕۆ پشکی نەوتی پارێزگای هەولێر لە 50 ملیۆن لیترە نەوتەکەی وەزارەتی نەوتی عێراق گەیشتووە و ئەگەری هەیە ئێوارەی ئەمڕۆ دەست بە دابەشکردنی بکرێت.”

لە لایەکی دیکەوە، کارزان ڕەئووف، بەڕێوەبەری گشتیی نەوت و کانزاکانی دهۆک، ڕایگەیاند: “بەیانیی ئەمڕۆ، یەکەم کاروانی نەوتی سپیی ماڵان گەیشتە کۆگاکانی پارێزگای دهۆک و بڕیاریشە هەر ئەمڕۆ لە ناوچە شاخاوییەکانی سنووری پارێزگاکە دابەش بکرێت.”

لای خۆیەوە، هەڤاڵ ئەبوبەکرد پارێزگاری سلێمانی ڕایگەیاند: “ڕێکارەکانی نەوت تەواوبوون و بڕیارە هەینی تا شەممە ئەو نەوتە بگاتە سلێمانی.”

پێشتر فەلاح سەید مەولوود، بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی کانزاکان لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان رایگەیاندبوو، ساڵانە لە مانگی ئاب نووسراو ئاراستەی وەزارەتی نەوتی فیدراڵ دەکەن، بۆ نەوتی ماڵان و بۆ ئەمساڵیش داوای 268,710,600 لیتر نەوتی سپی ماڵانیان کردووە، بەڵام حکوومەتی عێراق پێی راگەیاندوون کە ئەم بڕە ئامادە نییە و تەنیا 50 ملیۆن لیتر دەنێرن، واتە 19%ـی ئەو نەوتە دەنێرن کە پێویستە بە خێزانەکانی هەرێمی کوردستان بدرێت.