فراکسیۆنی پارتی لە بەغدا داوایەک لە عەلی زەیدی دەکات

فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بە نووسراوێکی بەپەلە داوا لە سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکات، بودجەی فریاکەوتن بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری پارێزگای هەولێر تەرخان بکرێت و شاندێکی وەزارییش بۆ خەمڵاندنی زیانەکان رەوانەی هەرێمی کوردستان بکرێت.

بەپێی نووسراوێکی فەرمی کە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق ئاراستەی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراقی کردووە، داوا کراوە قوربانییان و زیانلێکەوتووانی ئەو شەپۆلە لافاوە قەرەبوو بکرێنەوە، کە بەهۆی بارانی بەخوڕەوە پارێزگای هەولێری گرتەوە و زیانی گەورەی گیانی و مادیی بە موڵک و ماڵی گشتی و تایبەتی گەیاند.

لە نووسراوەکەدا فراکسیۆنی پارتی داوایکردووە، شاندێکی وەزاریی تایبەتمەند لە بەغداوە رەوانەی هەولێر بکرێت بۆ ئەوەی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان، ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگیی قەیرانەکان لە هەرێمی کوردستان و ناوەندی نیشتمانیی بەڕێوەبردنی قەیران و کارەساتەکان لە وەزارەتی ناوخۆی فیدراڵ هەماهەنگی بکات.

ئامانج لە ناردنی ئەو شاندە وەک لە داواکارییەکەی فراکسیۆنی پارتیدا هاتووە، “ئەنجامدانی سەرژمێرییەکی گشتگیرە بۆ خەمڵاندنی قەبارەی زیانەکان و گرتنەبەری رێکاری پێویست بۆ دەستەبەرکردنی مافی زیانلێکەوتووان و قەرەبووکردنەوەیان.”

بەشێکی دیکەی داواکارییەکەی فراکسیۆنی پارتی تایبەتە بە خەرجکردنی بڕە پارەیەکی خێرا؛ لەو چوارچێوەیەدا جەختی لەسەر پێویستیی تەرخانکردنی هاوکارییەکی دارایی بەپەلە لە “بودجەی فریاکەوتن” کردووەتەوە، بەمەبەستی دابینکردنی پشتیوانیی خێرا بۆ لێقەوماوان و کەمکردنەوەی بارگرانیی سەر شانیان لەو کارەساتە مرۆییەدا.

فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەم هەنگاوەیان لە چوارچێوەی پەرۆشییانە بۆ بەدواداچوونی دۆخی هاونیشتمانییان و کارکردن بۆ مسۆگەرکردنی مافەکانیان و دابینکردنی پشتیوانیی پێویست لە کاتی روودانی دۆخی نائاساییدا.