سەرۆک بارزانی، سەبارەت بە پێشهاتەکان و بارودۆخی سیاسیی هەرێمی کوردستان بانگەوازێکی بڵاو کردەوە و داوا لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەکات لەگەڵ پارتی پێکەوە دابنیشن.
ئەمڕۆ دووشەممە، 9ی تشرینی دووەمی 2026، سەرۆک مەسعوود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، بانگەوازێکی سەبارەت بە دواپێشهاتە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە. لە پەیامەکەیدا، بارزانی داوای لە سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کرد کە لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان دابنیشن بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان و کۆتایهێنان بەو قەیرانە سیاسییەی کە بەرۆکی هەرێمەکەی گرتووە.
دەقی بانگەوازەکەی سەرۆک بارزانی
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
سەبارەت بە پێشهاتەکان و بارودۆخی سیاسی، پێویستە هەموو لایەک ئەوەیان لەبەرچاو بێت کە بەرژەوەندیی گەلی کوردستان لە هەموو بەرژەوەندی و ئامانجێکی تر گەورەترە.
لەسەر ئەو بنەمایەش داوا لە برایانی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان دەکەم لەگەڵ پارتی پێکەوە دابنیشن و کێشەکان چارەسەر بکەن و کۆتایی بەو قەیرانە سیاسییەی هەرێمی کوردستان بهێنن.
زۆریش حەز دەکەم لایەنە سیاسییەکانی تری هەرێمیش بەشداری هەنگاوەکانی پڕۆسەی سیاسی بن و پێکەوە حکوومەتێکی بنکەفراوان و نیشتیمانی پێک بهێنن و وەڵامی داوا و خواستی خەڵکی کوردستان بدەنەوە.
مسعود بارزانی
9ی تشرینی دووەمی 2026