سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بەرپرسانی بەغدا بەڵێنی پێداون ناردنی مووچەی فەرمانبەران بەردەوام بێت.
ئەمڕۆ سێشەممە، 10ی تشرینی دووەمی 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەردانی ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێری کرد و لەگەڵ وەزیرانی ناوخۆ و شارەوانی و پارێزگاری هەولێر کۆبووەوە، دواتر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا تیشکی خستە سەر لێکەوتەکانی کارەساتە سروشتییەکەی هەولێر، پرسی مووچە و بودجە، پێکهێنانی حکوومەت و هێرشەکانی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر.
سەبارەت بە پرسی بودجە و مووچە، مەسرور بارزانی ڕایگەیاند: “مووچە بەتەنیا بەس نییە بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان، بەڵکوو پێویستیمان بە بەشەبودجەیەکی گونجاوە بۆ دابینکردنی ئامێری پێویست و جێبەجێکردنی پڕۆژەی خزمەتگوزاری.”
سەبارەت بە سەردانەکەی دوێنێی بۆ بەغدا، سەرۆکی حکوومەت ئاشکرای کرد، بەڵێنی دڵخۆشکەریان وەرگرتووە لەسەر مسۆگەرکردن و بەردەوامبوونی مووچە، هەروەها گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتنی باش سەبارەت بە داهاتە نانەوتییەکان؛ بەڵام جەختی کردەوە، پرسی نەوت وەک پاکێجێک ماوەتەوە و هێشتا خاڵی ناکۆکی هەیە.
سەبارەت بە گفتوگۆکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و دانیشتن لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان، مەسرور بارزانی دووپاتی کردەوە: “دەرگامان کراوەیە بۆ گفتوگۆ لەگەڵ هەر لایەنێک کە بیەوێت، ئێستا پەرلەمانێکی کارامان هەیە کە شوێنی گفتوگۆیە بۆ هەموو لایەنە سیاسییەکان.”
لەسەر هەڵوێستی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش، سەرۆکی حکوومەت باسی لەوە کرد کە لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکا و تۆم باراک، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا گفتوگۆی کردووە، واشنتن پشتیوانی لە هەرێمێکی کوردستانـی بەهێز و یەکگرتوو دەکات، چونکە پێیان وایە هەرێمێکی خۆڕاگر یارمەتیدەر دەبێت بۆ سەقامگیری و پێشخستنی تەواوی عێراق.