بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان هەشت منداڵ بوونە قوربانی

ئێوارەی دوێنێ، لە خاڵی پشکنینی سنووری ناحیەی داروسەلامی سەر بە پارێزگای دیالە، داواکراوێک لە بازگەی پۆلیسی ناحیەکە نەوەستاوە و بە خێراییەکی زۆر بازگەکەی تێپەڕاندووە، لە ئەنجامدا هەشت منداڵ بوونە قوربانی.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 19ی تشرینی دووەمی 2026،  وەزارەتی ناوخۆی عێراق بڵاویکردەوە، لە ناحیەی دارسەلام لە دیالە، هاووڵاتییەکە لە بازگەیەک فەرمانی هێزە ئەمنییەکانی جێبەجێنەکردووە و نەوەستاوە، بۆیەش هێزە ئەمنییەکان تەقەیان لە ئۆتۆمبێلەکەی کردووە.

دوای ئەوەی تەقە لە ئۆتۆمبێلەکە کراوە و ناچار کراوە کە بوەستێت، دەرکەوتووە لە ئەنجامی ئەو ڕووداوەدا سێ منداڵ کوژراون و پێنج کەسی دیکەش برینداربوون، پاشان “داواکراوەکە”ش دەستگیرکراوە.

وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئاشکرای کرد کە لەسەر ئەم ڕووداوە ئەفسەرێک و 10 ئەندامی ئەو هێزە دەستگیرکراون کە تەقەیان کردووە، هاوکات لیژنەی لێکۆڵینەوەش لەسەر ئەم ڕووداوە پێکهێنراوە.