لە رێوڕەسمی دەستپێکردنی قۆناخی دووەمی پشتێنەی سەوزایی هەولێر، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان چاندنی زیاتر لە ملیۆنێک و 800 هەزار نەمامی ڕاگەیاند، هاوکات سەرکۆنەی هێرشەکانی سەر کۆرمۆری کرد و پێداگریی لەسەر پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان کردەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 15ی تشرینی دووەمی 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند: قۆناخی دووەمی پشتێنەی سەوزایی هەولێر چاندنی زیاتر لە ملیۆنێک و 800 هەزار نەمام لەسەر ڕووبەری 10 هەزار دۆنم و دروستکردنی سێ پۆند لەخۆدەگرێت، ئەمەش بۆ سەوزکردنی دەوروبەری هەولێر و چاککردنی کەشوهەوا و پاراستنی ژینگەی شارەکەیە.
دەربارەی دۆخی سیاسیش سەرۆکوەزیران دووپاتی کردەوە، پاراستن و ئاوەدانکردنەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستان ئەرکێکی نیشتمانیی هەمووانە و لە هیچ شتێک سڵ ناکەنەوە بۆ پاراستنی قەوارەکە و رێگریکردن لە دابەشکردن یان لاوازکردنی.
مەسرور بارزانی گوتیشی: وەک چۆن لە ڕابردوودا ڕژێمەکان سیاسەتی گۆڕینی دیمۆگرافی و کەمکردنەوەی ڕووبەری کوردستانیان پەیڕەو دەکرد، ئێستاش دڵنیاین هەموو کوردستانییەکی دڵسۆز رووبەڕووی هەر هەڵمەتێک دەبێتەوە بیەوێت هەرێمی کوردستان دابەش بکات.
لە کۆتایی گوتارەکەیدا مەسرور بارزانی سوپاسی حکوومەتی یۆنان و کونسوڵی گشتیی ئەو وڵاتەی کرد بۆ هاوکاریکردن و هاوردەکردنی نەمامەکان، هەروەها سوپاسی کۆمپانیای “دۆسکی هۆڵدینگ”ـی جێبەجێکاری پڕۆژەکەی کرد.