دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق داواکاریی هاوبەشی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و جووڵانەوەی نەوەی نوێی بۆ دەرکردنی فەرمانی وەلائی و ڕاگرتنی کارەکانی پەرلەمانی کوردستان بە کۆی دەنگ ڕەتکردەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 15ی تشرینی دووەمی 2026، سەرچاوەیەکی تایبەت ڕایگەیاند: دادگەی فیدراڵیی عێراق سکاڵاکەی یەکێتی و نەوەی نوێی تاوتوێ کردووە و داواکارییەکەی بۆ دەرکردنی فەرمانی وەلائی ڕەتکردووەتەوە.
لە داواکارییەکەدا هەردوو لایەن داوایان کردبوو دادگە بڕیارێکی بەپەلە دەربکات بۆ وەستاندنی دەستبەجێی کار و دانیشتنەکانی پەرلەمان، بەڵام دادگەی فیدراڵی بەبێ ئەوەی هیچ ڕێکارێکی کاتی بۆ ڕاگرتنی پرۆسەکە پەسەند بکات، داواکارییەکەی بۆ فەرمانی وەلائی ڕەتکردەوە.
ڕۆژی چوارشەممە 4ـی تشرینی دووەمی 2026، دوای زیاتر لە دوو ساڵ لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمان لە 20ـی تشرینی یەکەمی 2024 و مانەوەی دامەزراوەی یاسادانان لە چەقبەستووییدا، پەرلەمانی کوردستان بە ئامادەبوونی 52 پەرلەمانتار لە کۆی 100 پەرلەمانتار کۆبووەوە؛ لە دانیشتنەکەدا پەرلەمان بە فەرمی کارا کرایەوە و دەستەی نوێی سەرۆکایەتی هەڵبژێردرا.