یەکێتی هێشتا لە حکومەتی هەرێمدا بەردەوامە و نەکشاوەتەوە

سەرەڕای ڕاگەیاندنی پێشووی بافڵ جەلال تاڵەبانی بۆ کشانەوەی یەکێتی لە حکومەتی هەرێم، بەشداریی بەرپرسانی حیزبەکە لە کۆبوونەوە حکومەتی و دیپلۆماسییەکاندا نیشان دەدات کە یەکێتی هێشتا بە شێوەیەکی کردەیی لە حکومەتدا بەردەوامە.

شەوی ڕابردوو، تۆم باراک، نێردەری تایبەتیی دۆناڵد ترەمپ بۆ عێراق و سووریا، لەگەڵ دەرباز کۆسرەت ڕەسووڵ، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی، و ئەحمەد موفتی، بریکاری وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێم، کۆبووەتەوە.

باراک لە پۆستێکدا لە تۆڕی «ئێکس» نووسیویەتی گفتوگۆکەیان لەبارەی داهاتووی هەرێمی کوردستان بووە. ئەو هەروەها جەختی لە پشتیوانیی ئەمریکا بۆ هەرێمێکی بەهێز و یەکگرتوو کردووەتەوە و وتوویەتی یەکڕیزی بە بەهێزکردنی دامەزراوەکان، حکومەتی خۆجێیی و شەفافیەت بەدەست دێت.

بەشداریی ئەحمەد موفتی لەو کۆبوونەوەیەدا، لە پۆستی بریکاری وەزارەتەکەی، نیشان دەدات تیمی یەکێتی هێشتا لە دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێمدا کار دەکات.

لە هەمان کاتدا، قوباد تاڵەبانی گەڕاوەتەوە هەولێر و لەگەڵ کونسوڵەکانی ئەڵمانیا و فەڕەنسا و کونسوڵی هۆڵندا بە وەکالەت کۆبووەتەوە. لە کۆبوونەوەکەدا، دۆخی سیاسیی هەرێم و ناکۆکییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی تاوتوێ کراون.

قوباد تاڵەبانی جەختی کردووەتەوە کە تیمی یەکێتی لە حکومەتی هەرێمدا پابەندی بڕیارەکانی سەرکردایەتیی حیزبەکەیە.

بافڵ جەلال تاڵەبانی پێشتر ڕایگەیاندبوو یەکێتی لە حکومەتی «شکستخواردوو» دەکشێتەوە، بەڵام تا ئێستا هیچ هەنگاوێکی کردەیی بۆ کشانەوەی تەواوی حیزبەکە لە حکومەت نەبینراوە؛ بەڵکو بەردەوامیی بەرپرسانی یەکێتی لە کارە حکومەتییەکاندا، نیشانەی مانەوەی ئەو حیزبە لە ناو حکومەتی هەرێمە.