پارتی و یەکێتی کۆدەبنەوە و هەوڵەکان بۆ دوو ئیدارەیی شکستیان هێنا

ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان رایدەگەیێنێت، زەمینەسازی بۆ کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی کراوە و هەوڵی جیددی لە ئارادایە؛ لە لایەکی دیکەوە ئەو شاندەی پارێزگای سلێمانی کە بۆ تاوتوێکردنی چەند دۆسیەیەک و داواکردنی جیاکردنەوەی بودجەی پارێزگاکە سەردانی بەغدای کردبوو و لەگەڵ سەرکردەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی کۆبووەوە، لە قایلکردنی سەرکردەکانی ئەو هاوپەیمانییە شکستی هێناوە.

د. ئەشواق جاف، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند: “بانگەوازەکەی جەنابی سەرۆک بارزانی دەربڕی ئیرادەیەکی سیاسیی حەقیقیی پارتیمانە بۆ بەشداریکردنی لایەنەکان لە حکومەتێکی بنکەفراواندا؛ ئێستاش هەوڵی بەردەوام هەیە بۆ زەمینەسازی تاوەکو پارتی و یەکێتی کۆببنەوە.”

لەبارەی دەنگۆی گەڕانەوە بۆ دوو ئیدارەیی لە هەرێمی کوردستان، ئەو ئەندامەی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی ڕروونیکردەوە کە دەستووری عێراق رێگرە لە هەر پاشەکشەیەک و گوتی: “ماددەی 117 دان بە هەرێمی کوردستاندا دەنێت، ماددەی 121 دەسەڵاتی پەرلەمان و حکومەتی پێداوە و ماددەی 126ـیش رێگری دەکات لە هەر دەستکارییەکی دەستوور کە دەسەڵاتەکانی هەرێم کەمبکاتەوە، بەبێ رەزامەندیی خەڵک و پەرلەمانی کوردستان.”

لە لایەکی دیکەوە، هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی رایگەیاند، لە کۆبوونەوەی هەفتانەی خۆیدا میوانداریی شاندێکی پارێزگای سلێمانی کردووە و دووپاتیان لە گرنگیی بەردەوامیی دیالۆگ کردووەتەوە.

ئەو هاوپەیمانییە لە راگەیێنراوێکدا گوتی: لە کۆبوونەوەکە باسیان لە دۆسیەی بودجەی گشتی و شێوازی بەهێزکردنی سەقامگیریی ئابووریی و بەدیهێنانی داخوازییەکانی قۆناخەکەیان کردووە.

چوارچێوەی هاوئاهەنگی کە زۆرینەی لایەنە شیعەکان لە خۆ دەگرێت، رایگەیاند هەر لەو کۆبوونەوەیەدا میوانداریی شاندێکی پارێزگای سلێمانی کردووە کە پێکهاتبوون لە نزار ئامێدی، سەرۆککۆمار، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ، بۆ تاوتوێکردنی تێڕوانینەکان لەبارەی دۆسیە نیشتمانییە هەنووکەیییەکان.

بەپێی زانیارییەکان، شاندەکە لە کۆبوونەوەکەدا داوایان لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی کردووە پشتگیری لە پرسی جیاکردنەوەی بودجەی پارێزگای سلێمانی و چەند دۆسیەیەکی دیکەی بکەن، بەڵام سەرکردەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی ئەو داواکارییەیان رەتکردووەتەوە.