کەشناسی هەرێم وادەی کۆتاییهاتنی شەپۆلی بارانبارین ڕادەگەیەنێت

بەڕێوەبەری گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، شەپۆلی بارانبارین تاوەکو ئەمشەو بەردەوام دەبێت و لە سبەیەوە ڕەوشەکە سەقامگیر دەبێتەوە. 

ئەمڕۆ یەکشەممە، 8ی تشرینی دووەمی 2026، فازڵ ئیبراهیم، بەڕێوەبەری گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: ئەو شەپۆلە بارانبارینەی لە ڕۆژی پێنجشەممەوە هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە، ئەمڕۆ بە شێوەیەکی لاوازتر و پچڕپچڕ بەردەوام دەبێت، بەڵام بۆ بەیانیی ڕۆژی دووشەممە، ڕەوشەکە بەرەو سەقامگیری دەچێتەوە.

بەڕێوەبەری گشتیی کەشناسی باسی لەوە کرد، لەگەڵ لاوازبوونی شەپۆلەکە بارستە هەوایەکی سارد ناوچەکە دەگرێتەوە، ئەمەش وا دەکات پلەکانی گەرما سێ بۆ چوار پلە دابەزن.

سەبارەت بە هۆکاری دروستبوونی لافاوەکەی هەولێر و بڕی دابارینەکە، فازڵ ئیبراهیم ڕوونیکردەوە، هەرچەندە بارانبارین لە کاتژمێر 05:00ـی ئێوارە دەستی پێکرد، بەڵام چڕبوونەوەی شەپۆلەکە لە نێوان کاتژمێر 07:00 بۆ 09:00ـی شەو بوو لە باکووری ڕۆژهەڵاتی شاری هەولێر.

 ئاماژەی بەوەش دا، بەر لە 72 کاتژمێر ڕاپۆرتی هۆشدارییان ئامادە کردووە و ڕۆژانەش دوو ڕاپۆرت دەدەنە ژووری ئۆپەراسیۆنەکان بۆ وەرگرتنی رێکاری پێویست.

لە ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردووەوە، شەپۆلێکی بارانبارین هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە و ئێوارەی شەوی ڕابردوو گەیشتە لووتکە. لە شاری هەولێر، بەهۆی بارانی بەخوڕەوە ئاو چوو نێو چەندان گەڕەک و ماڵدا و بەهۆیەوە دوو کەس گیانیان لەدەستدا.