لە ئەنجامی وەرگەڕانی پاسێکی کرێکارانی پاڵاوگەی (NGL) لەسەر ڕێگای نێوان دەشتی عەباس – ئابدانان لە پارێزگای ئیلام، 12 کرێکار گیانیان لەدەستدا و 16ـی دیکەش بریندار بوون.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 15ی تشرینی دووەمی 2026، لەسەر ڕێگای نێوان (دەشتی عەباس – ئابدانان) لە سنووری پارێزگای ئیلام، پاسێک کە تایبەت بووە بە گواستنەوەی کرێکارانی پاڵاوگەی (NGL) وەرگەڕا.
بەپێی زانیارییەکان، دوای ڕووداوەکە پێنج تیمی فریاگوزاریی کۆمەڵەی مانگی سوور بۆ بەهاناوەچوونی قوربانییان و گواستنەوەی بریندارەکان بۆ ناوەندە تەندروستییەکان ڕەوانەی شوێنی ڕووداوەکە کران.
سەرەتا لە شوێنی ڕووداوەکە هەشت کەس گیانیان لەدەستدا و دواتر بەهۆی سەختیی برینەکانیانەوە، چوار برینداری دیکەش لە نەخۆشخانە گیانیان لەدەستدا و بەمەش کۆی گشتیی گیانلەدەستدان گەیشتە 12 کەس و 16 کەسی دیکەش بریندارن.
لە دوای ئەم ڕووداوە دڵتەزێنە، پارێزگاری ئیلام بە مەبەستی هاوخەمی دەربڕین بۆ قوربانییان، یەک ڕۆژ ماتەمینی گشتیی لە سەرتاسەری پارێزگای ئیلام و دوو ڕۆژ ماتەمینی لە شاری ئابدانان ڕاگەیاند.