وەزیرانی دەرەوە و بەرگریی تورکیا و سووریا لە ئەنقەرە کۆبوونەوە

وەزیرانی دەرەوە و بەرگریی تورکیا و سووریا لە ئەنقەرە کۆبوونەوە، و هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاند کە هەردوولا لەسەر پرسی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و بونیادنانەوەی سوپای سووریا هەماهەنگی دەکەن.

سەبارەت بە پرۆسەی تێکەڵکردنەوەی هێزەکان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، هاکان فیدان گوتی: “دەبێت ئەم پرۆسەیە لەسەر بنەمای یەک دەوڵەت و یەک سوپا تەواو بکرێت و مافی هەموو پێکهاتەکان دەستەبەر بکرێت.”

لای خۆیەوە، ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا هەواڵی کردنەوەی باڵیۆزخانەی سووریای لە ئەنقەرە لە سەرەتای مانگی داهاتوو ڕاگەیاند.

شەیبانی ئەوەشی ئاشکرا کرد کە کار بۆ دەستپێکردنی گەشتی ڕاستەوخۆی ئاسمانی لە نێوان دیمەشق و ئیزمیر و کردنەوەی دەروازەی سنووریی نێوان قامشلۆ و نسێبین دەکرێت، و ئاماژەی بەوە دا کە تاوەکو ئێستا زیاتر لە ٧٠٠ هەزار هاووڵاتیی سووریا گەڕاونەتەوە وڵاتەکەیان.

لە پەراوێزی سەردانەکەیدا و لە دیدارێکی دیکەدا لە ئەنقەرە، ئەسعەد شەیبانی لەگەڵ تۆم باراک، نوێنەری تایبەتی ئەمریکا کۆبووەوە و پێشهات و پرسە ناوچەییەکانیان تاوتوێ کرد.