گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران سەبارەت بە ناکۆکییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەسەر کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان و پێکهێنانی حکومەت دەڵێت: ”هیوادارین بە گفتوگۆی نێوان لایەنەکان، کێشەکان چارەسەر بکرێن”.
ئەمڕۆ دووشەممە، 9ی تشرینی دووەمی 2026، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە کۆنفرانسی رۆژنامەوانی هەفتانەیدا و لە وەڵامی پرسیارێکی پەیامنێری ئاژانسی فەرمیی ئێران، ڕایگەیاند، دەستووری عێراق، چوارچێوەی یاسایی بۆ چارەسەری هەموو پرسە سیاسی و ناکۆکییەکانی ناوخۆی وڵاتەکە دیاری کردووە و هیوای خواست ناکۆکییەکانی نێوان یەکێتی و پارتی و کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراقی فیدراڵ لەسەر بنەمای دەستوور چارەسەر بکرێن.
ئیسماعیل بەقایی لە وەڵامی پرسیارێکی تایبەت لە بارەی دۆخی سیاسیی هەرێمی کوردستان و ناکۆکییەکانی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕایگەیاند: “ئومێد دەکەین ناکۆکییەکانی نێوانیان و هەروەها ناکۆکییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراقی فیدراڵ چارەسەر ببن.”
بەقایی گوتیشی: هێندەی ئێمە دەیزانین، دەستووری عێراق ئەم پرسانەی ڕوون کردووەتەوە و لە هەر وڵاتێکدا دەستوور باشترین بنەما و ڕێنیشاندەرە بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان لە نێوان پێکهاتە جیاوازەکانی ئەو وڵاتە.