سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت: “بە ناوی هەموو خەڵکی کوردستان قسە دەکەم، هەرێمی کوردستان دابەش ناکرێت.”
ئەمڕۆ سێشەممە، 17ی تشرینی دووەمی 2026، مەسرور بارزانی لە کاتی راگەیاندنی پڕۆژەیەکی گەشتیاری لە بەنداوی گۆمەسپانی هەولێر گوتی: “ئەوانەی دژی هەڵمەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەوەستن بۆ بەهێزکردنی کوردستان و پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان، هەمان ئەو کەسانە بوون پێشتر هەموو هەوڵێکیان دا کوردستان نەبێتە خاوەن دەستووری خۆی و پەرلەمان کارا نەبێتەوە.”
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان باسی لە مەترسییەکی سەر هەرێمی کوردستان کرد و ڕایگەیاند، “هەوڵێک هەیە بۆ دابەشکردنی قەوارەی هەرێمی کوردستان و من بە ناوی هەموو خەڵکی کوردستان دەڵێم، هەرێمی کوردستان دابەش نابێت.”
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەبارەی دابینکردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و بودجە ڕایگەیاند، “بە هەموو شێوەیەک داکۆکی لە دابینکردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان دەکەین بەڵام هەندێک لایەن دژی دابینکردنی بودجە بۆ هەرێمی کوردستان هەوڵدەدەن.”
مەسرور بارزانی لەبارەی کاتی ئاساییبوونەوەی دۆخی کارەبا ڕایگەیاند، بەشێکی پەیوەندیی بە کاتی چاکبوونەوەی کێڵگەی کۆرمۆرەوە هەیە و بەشێکی دیکەی پەیوەندی بە گەرەنتی ئەمنییە بۆ کۆرمۆر.