عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی لەگەڵ نوێنەرانی نەینەوا پێی ڕاگەیاندوون، کە خۆی کەسێکی سەربەخۆ بۆ پۆستی قایمقامی شنگال دادەنێت.
ئەمڕۆ سێشەممە، 17ی تشرینی دووەمی 2026، موحەممەد کاکەیی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا کە بەشداربووە لە کۆبوونەوەکە، ڕایگەیاند: سەرۆکوەزیران پێیگوتوون، بەهۆی ئەوەی لەسەر پۆستی قایمقامی شنگال ڕێکنەکەوتوون، خۆی کەسێکی سەربەخۆ بۆ ئەو پۆستە دیاری دەکات.
لە لایەکی دیکەوە، خالید سەیدۆ، ئەندامی پەرلەمانی عێراق کە خەڵکی قەزای شنگالە گوتی: “سەرۆکوەزیران لەبارەی پۆستی قایمقامی شنگال گوتوویەتی، دواکەوتن لە ڕێککەوتن لەسەر ئەو پۆستە و منیش پێویستم بەوەیە شنگال قایمقامێکی هەبێت، خۆم بەدوای کەسێکی سەربەخۆدا دەگەڕێم بۆ ئەو پۆستە دایدەنێم.”
یەکی تەممووزی 2024، ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا گۆڕانکاری لە سەرۆکی 20 یەکەی کارگێڕیدا کرد، کە یەکێکیان قایمقامی شنگال بوو، بەڵام بەهۆی ناکۆکیی سیاسیی لایەنەکان لەسەر گۆڕانکارییەکان، پارێزگاری نەینەوا فەرمانی دەستبەکاربوونی بۆ قایمقامی شنگال دەرنەکرد.
بە گوتەی خالید سەیدۆ، ئەو ئاماژەیەی عەلی فالح زەیدی وەک پەیامی گوشار بووە بۆ سەر ئەندامانی ئەنجوومەن بۆ یەکلاکردنەوەی پۆستی قایمقامی شنگال بەوپێیەی ڕێکاری یاسایی خۆی هەیە.
بەگوێرەی یاسای پارێزگاکانی عێراق، دەبێت پۆستی قایمقام لەنێو ئەنجوومەنی پارێزگاوە دەنگی لەسەر بدرێ، نەک لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە دابنرێت.