نرخی بەنزینی بازرگانی لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی بەرچاو بەرز بووەتەوە، لە کاتێکدا دابەشکردنی بەنزینی پاڵپشتیکراوی حکومەت بەردەوامە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 18ی تشرینی دووەمی 2026، سەرباز کەریم، گوتەبێژی بۆرسەی سووتەمەنیی هەولێر ڕایگەیاند: هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین، کەمیی خستنەڕووە لە بازاڕ و ئەمەش وای کردووە نرخەکەی بەرز ببێتەوە.
بەپێی داتاکانی بۆرسەی سووتەمەنیی هەولێر، نرخی هەر لیترێک بەنزینی نۆرماڵ لە هەزار و 200 دینارەوە بۆ هەزار و 410 دینار بەرز بووەتەوە؛ هاوکات لە بەنزینخانەکان نرخی باشترین کوالێتیی بەنزین بۆ جۆری سوپەر 2275 دینار، موحەسەن 1995 دینار، نۆرماڵ 1450 دینارە.
شانبەشانی گۆڕانکارییەکانی بەنزین، دابەشکردنی غازی ماڵان لەڕێگەی بریکارەکانەوە بە هەشت هەزار و 500 دینار بەردەوامە؛ هەروەها نرخی یەک لیتر غازی شل لە بەنزینخانەکان 795 دینارە و بوتڵێکی غازی بازرگانیش لە نێوان 15 بۆ 17 هەزار دینار مامەڵەی پێوە دەکرێت.