هەفتەی داهاتوو پرۆسەی دابەشکردنی نەوتی سپی لە هەولێر و دهۆک دەست پێ دەکات، نرخی نەوتیش لە بازاڕەکان زیاتر لە 100 هەزار دینار دادەبەزێت.
فەلاح مەولوود، بەڕێوەبەری گشتیی سووتەمەنی لە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان ڕایگەیاند: “هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆک وەڵامی وەزارەتیان داوەتەوە و ئێستا ئەو دوو کۆمپانیایەی بەشە نەوتی ئەو دوو پارێزگایە دەگوازنەوە لە بەغدان بۆ تەواوکردنی مامەڵە کارگێڕییەکان.”
فەلاح مەولوود گوتیشی “ئەگەر ئەمڕۆ کارەکانیان تەواو بکرێت، یەکشەممە دەست بە گواستنەوەی نەوتەکە دەکەن، بەڵام بەهۆی پشووی هەینی و شەممە ڕەنگە یەک دوو ڕۆژ دوا بکەوێت. هەرچۆنێک بێت، 100%ـی هەفتەی داهاتوو دابەشکردنی نەوتی سپی لەو دوو پارێزگایە دەست پێ دەکات.”
فەلاح مەولوود ئەوەشی ئاشکرا کرد، “نەوتەکە لە ناوچە شاخاوییەکان بە دوو قۆناخ دابەش دەکرێت. لە قۆناخی یەکەمدا هەر خێزانێک 100 لیتر وەردەگرێت و لە قۆناخی دووەمدا 100 لیتری دیکەیان پێ دەدرێت، ئەمەش بە مەبەستی ئەوەیە هەموو خێزانەکانی ناوچە شاخاوییەکان سوودمەند بن.”
نرخی ئێستای نەوت لە بازاڕەکان کە هەر بەرمیلێک لە سەرووی 350 هەزار دینارە، ئەو بەرپرسەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان پێشبینی کرد لەگەڵ دەستپێکردنی پرۆسەی دابەشکردن، نرخی نەوتی سپی لە بازاڕەکان بۆ 250 هەزار دینار بۆ هەر بەرمیلێک دابەزێت.