پەرلەمانتارێکی عێراق بە خنکێندراوی دۆزرایەوە

ئەحمەد عەلوانی، پەرلەمانتاری پێشووی عێراق و کەسایەتیی دیاری پێکهاتەی سووننە کە بە هەڵوێستە توندەکانی دژی هەژموونی ئێران دەناسرایەوە، لە شوێنی نیشتەجێبوونی لە گەڕەکی “تاریق جەدیدە” لە بەیروتی پایتەختی لوبنان بە خنکێندراوی دۆزرایەوە.

بەپێی زانیارییە دادوەرییەکان، دەزگا ئەمنییەکانی لوبنان گومانلێکراوێکی لوبنانییان دەستگیرکردووە و گەڕان بەدوای دوو گومانلێکراوی دیکەی سووریدا بەردەوامە.

باڵیۆزی عێراق لە لوبنان، موحەممەد ڕەزا حوسێنی، ڕایگەیاند کە لە پەیوەندیی بەردەوامدان لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکانی لوبنان بۆ لێکۆڵینەوە لە تاوانەکە.

لە لایەکی دیکەوە، باڵیۆزخانەی عێراق ئاماژەی بەوە کردووە کە بەهۆی تێکچوونی شێوەی تەرمەکەوە پشکنینی DNA ئەنجام دەدرێت تاوەکو بە شێوەیەکی کۆتایی ناسنامەکەی پشتڕاست بێتەوە.

ئەحمەد عەلوانی، پەرلەمانتاری پێشووی پارێزگای ئەنبار (2005-2014) و سەرکردەی خۆپیشاندانەکانی 2013 بوو، کە لە ساڵی 2014 دەستگیرکرا و سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا، بەڵام لە ساڵی 2025 دوای 11 ساڵ لە زیندانیکردن بە بێبەری ناسرا و ئازادکرا.