لە دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی قەرەباڵغی لەسەر بەنزینخانەکان و بنکەکانی دابەشکردنی غاز، بابان ئەحمەد، سەرۆکی لێژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی، لە لێدوانێکدا هاووڵاتییانی شاری سلێمانی دڵنیا کردەوە که هیچ کێشە و قەیرانێکی غاز بوونی نییە و سەرجەم کۆگاکان غازی پێویستیان تێدایە.
سەرۆکی لێژنە هاوبەشەکان ڕوونی کردەوە که ئەوەی لەسەر شەقامەکان و بەنزینخانەکان دەبینرێت، تەنها ترسی دەروونیی هاووڵاتییانە؛ بە جۆرێک که بەشێکی زۆریان دەچنە بنکەکان بۆ پڕکردنەوەی بتڵەکانیان، لە کاتێکدا کە زۆربەی ئەو بتڵانە هێشتا بەتاڵ نین و پێویستیان بە پڕکردنەوە نییە.
سەبارەت به دەنگۆی کاریگەریی هێرشەکەی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر، بابان ئەحمەد جەختی کردەوە که هێرشەکە شەوی ڕابردوو ڕوویداوە، بەڵام بە هیچ جۆرێک کاریگەری لەسەر کەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی غاز نەبووە و دۆخەکە لە ژێر کۆنتڕۆڵدایە.
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، ناوبراو هۆشداریی توندی دا کە لێپێچینەوەیەکی یاساییی توند لەگەڵ هەر شوێن و بریکارێک دەکرێت که هەوڵی بەرزکردنەوەی نرخی فرۆشتنی غاز یان قۆرخکاری بدات، و تیمە چاودێرییەکان بە وردی چاودێریی دۆخەکە دەکەن.