لە زاخۆ، هەورەبروسکە لە هاووڵاتییەکی دا و بەو هۆیەوە دەستبەجێ گیانی لەدەست دا؛ کەشناسێکیش هۆشداری لە دروستبوونی لافاو دەدات.
ئەمڕۆ شەممە، 7ی تشرینی دووەمی 2026، موقەدەم ئەحمەد رەمەزان گوتەبێژی پۆلیسی زاخۆ ڕایگەیاند: بەهۆی هەورەبروسکەوە هاووڵاتییەک لەو شارە گیانی لەدەست دا.
بە گوتەی گوتەبێژی پۆلیسی زاخۆ، ڕووداوەکە نزیکەی کاتژمێر 10:00ـی بەیانی، لە نێو مەیدانی ئاژەڵانی زاخۆ ڕوویداوە و هاووڵاتییەکە تەمەنی 32 ساڵە.
گوتەبێژی پۆلیسی زاخۆ باسی لەوە کرد، دەستبەجێ تەرمی ئەو هاووڵاتییە بۆ پزیشکی دادی زاخۆ ڕەوانە کراوە.
لە لایەکی دیکەوە، پشتیوان پێنجوینی، شارەزای کەشناسی ڕایگەیاند: “لەو شەپۆلە بارانبارینەی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە، پێشبینی دەکرێ لە زۆربەی ناوچەکان نزیکەی 80 بۆ 100 ملیم باران ببارێ.”
ئەو کەشناسە گوتیشی: “لە ئێوارەی ئەمڕۆوە لێزمەباران، تەرزە و هەورەبروسکە زۆربەی ناوچەکان دەگرێتەوە و ئەگەری دروستبوونی لافاو لە پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و ئیدارەی ڕاپەرین هەیە.”
لە بارەی کۆتاییهاتنی شەپۆلەکە، ئەو کەشناسە ڕوونیکردەوە، “شەپۆلەکە تاوەکو بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە بەردەوام دەبێت، بەڵام سبەی یەکشەممە کاریگەرییەکەی لاواز دەبێت و بارانی بەلێزمە دەگۆڕدرێ بۆ بارانی مامناوەند و پچڕ پچڕ.”