دادگەی فیدراڵی سکاڵایەکی دیکەی لە دژی پەرلەمانی کوردستان ڕەتکردەوە

دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق سکاڵای ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستانی ڕەتکردەوە کە داوای کردبوو خولی شەشەمی پەرلەمان بە نادەستووری دابنرێت. 

ئەمڕۆ چوارشەممە، 18ی تشرینی دووەمی 2026، دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق  بڵاویکردەوە، دادگەکە بە سەرۆکایەتیی دادوەر مونزیر ئیبراهیم حوسێن و ئامادەبوونی سەرجەم دادوەرە ئەندامەکان کۆبووەوە، لە دانیشتنەکەدا سەیری سکاڵای ژمارە (211/فیدراڵی/2026)ی ڕۆژی 26ی تشرینی یەکەمی 2026ی کردووە، کە لەلایەن پەرلەمانتارێکی هەرێمی کوردستانەوە دژی سەرۆکی یەکەم دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان (سەرۆکی بەتەمەن) تۆمارکرابوو.

سکاڵاکە لەلایەن عەلی حەمەساڵح، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان  تۆمارکرابوو.

بەپێی ڕاگەیێندراوەکە، لە سکاڵاکەدا داواکرابوو بڕیار بدرێت بە نادەستووریبوونی بەردەوامبوونی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان و دانانی لێکەوتە یاساییەکانی ئەو بڕیارە بەپێی حوکمەکانی دەستوور و یاسا، بە پشتبەستن بەو هۆکارانەی سکاڵاکار لە داواکەیدا خستبوونیەڕوو.

دادگەی فیدراڵی ڕوونیکردووەتەوە، بەپێی بەندی (93/یەکەم)ـی دەستووری ساڵی 2005ـی عێراق، دەسەڵاتی دادگەی فیدراڵی تەنیا بۆ چاودێریکردنی ئەو یاسا و رێسایانەیە ئێستا کاریان پێ دەکرێت. بۆیە پرسی بەردەوامبوونی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە سنووری دەسەڵاتی ئەو دادگەیەدا نییە.

لە کۆتایی ڕاگەیێندراوەکەدا هاتووە، تایبەتمەندیی وەزیفی لە سیستمی گشتییە و دادگە خۆی بڕیاری لەسەر دەدات تەنانەت ئەگەر لایەنەکانیش تانەیان لێنەدابێت، بۆیە دادگەی فیدراڵی بڕیاری دا سکاڵاکە بەهۆی نەبوونی تایبەتمەندییەوە رەتبکاتەوە و بڕیارەکەش بە کۆی دەنگ دەرچووە، بەپێی مادەی 94ی دەستوور بۆ سەرجەم دەسەڵاتەکان پابەندکەرە و بە ئاشکرا خوێندراوەتەوە.