ترەمپ و ئەردۆغان تاوتوێی دۆسیەی ئێران دەکەن

ترەمپ و ئەردۆغان بە تەلەفۆن باسیان لە دۆسیەی ئێران کرد و ئەردۆغان جەختی لە چارەسەری ئاشتییانەی گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران کردەوە.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی سەربە سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە تەلەفۆن گفتوگۆی لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان کردووە و هەردوولا باسیان لە پەیوەندییەکانی هەردوو وڵات و پرسە ناوچەیی و جیهانییەکان کردووە.

وەک سەرۆکایەتیی کۆمار ئاماژەی بۆ کردووە، ترەمپ و ئەردۆغان گفتوگۆیان لەبارەی بەهێزکردنی هاوبەشییەکان و زیاتر بەهێزکردنی پەیوەندییەکانیان کردووە.

ئەردۆغان جەختی لە چارەسەری ئاشتییانەی گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران کردووەتەوە و ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ هێنانەدی ئاشتی دەربڕیوە.

هەروەها ئەردۆغان هیواشی خواستووە، زیادبوونی هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ ڕاگرتنی جەنگی ئۆکراینا، بەرهەمیان هەبێت.

کۆتایی مانگی ڕابردووش، ترەمپ و ئەردۆغان لە ماوەی 24 کاتژمێردا، دوو جار بە تەلەفۆن قسەیان کرد ، زیادبوونی گفتوگۆکانی ترەمپ و ئەردۆغان هاوکاتە لەگەڵ زیادبوونی ئەگەرەکانی هێرشی ئەمریکا بۆ سەر ئێران.