گەر پارتی و یەکێتی ڕێککنەکەون؛ سێ ڕێگە لەبەردەم هەرێم هەیە

لەگەڵ بەردەوامبوونی ناکۆکییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی، سێ سیناریۆ بۆ داهاتووی بەڕێوەبردنی هەرێم باس دەکرێن: جێبەجێکردنی دوو ئیدارە، دروستکردنی دوو هەرێم، یان بەڕێوەبردنی هەرێم بە دوو سیستەمی ئیداری لەژێر چەتری هەرێمێکی یەکگرتوو.

یەکەم: 2 ئیدارە

دابەشکردنی ئیداریی هەولێر و سلێمانی پرۆژەیەکی کۆنە، بەڵام جێبەجێکردنی لە ئێستادا بەهۆی پەیوەندییە ئاڵۆزەکانی مووچە، بوودجە، دادگا و دامەزراوەکانەوە ئاسان نییە.

لەگەڵ ئەوەشدا، هەندێک ڕێکار لە یاسای بودجەی 2023دا هەن کە ڕێگە بە پارێزگاکان دەدەن راستەوخۆ داوای موچەکانیان لە بەغدا بکەن. لەگەڵ ئەوەدا، پرسی نەوت و گاز و کردنەوەی لقێکی بانکی ناوەندی لە سلێمانی، لە چوارچێوەی ئەو هەنگاوانەدان کە دەتوانرێت بۆ جیاکردنەوەی ئیداری بەکاربهێنرێن.

دووەم: دروستکردنی 2 هەرێم

ئەم سیناریۆیە بەهۆی دۆخی سیاسی و دەستوری عێراقەوە قورسترە. لە ئێستادا ئاراستەی سیاستەکانی بەغدا بەرەو بەهێزکردنی حکومەتی ناوەندی و لاوازکردنەوەی هەرێمەکانە؛ بۆیە دروستکردنی هەرێمێکی نوێ لە ناو هەرێمی کوردستاندا ڕەنگە پشتگیرییەکی زۆر لە لایەن بەغداوە نەبینێت.

هەروەها، لایەنە عێراقییەکان نیگەرانن لەوەی ئەگەر سلێمانی ببێتە هەرێم، پارێزگا و ناوچەکانی دیکەش داوای هەمان ماف بکەن.

سێییەم: 2 سیستەمی ئیداری لەژێر چەتری هەرێمێکی یەکگرتوو

سیناریۆی سێیەم بریتییە لە پێکهێنانی 2 سیستەمی ئیداری بۆ هەولێر و سلێمانی، بەڵام هەردووکیان لەژێر چەتری هەرێمێکی یەکگرتوودا بمێننەوە.

پێشتر هەندێک ئەکادیمی و توێژەرانی نزیک لە یەکێتی ئەم شێوازەیان پێشنیار کردووە. بەپێی ئەم مۆدێلە، هەولێر و سلێمانی هەر یەکەیان بە شێوەیەکی جیاواز بەڕێوەدەبرێن، بەڵام هەرێم و پەرلەمان و دامەزراوە سەرەکییەکان یەکگرتوو دەبن.

ئەم ڕێکخستنە پێویستی بە گۆڕینی دەستور نییە و ڕەنگە تەنیا بە چەند یاسا و ڕێکاری ناوخۆیی جێبەجێ بکرێت. هەردوو سیستەمەکەش دەتوانن لە بواری خزمەتگوزاری، کەمکردنەوەی نرخی نەوت، بەنزین، کارەبا و گاز و دابینکردنی موچەدا کێبڕکێ بکەن.

بەپێی ئەم هەڵسەنگاندنە، سیناریۆی 3 لەوانەیە لە هەموو بژاردەکانی دیکە نزیکتر بێت بە جێبەجێکردن؛ چونکە هەم یەکپارچەیی هەرێم دەپارێزێت و هەم ڕێگە بە هەولێر و سلێمانی دەدات بە شێوەیەکی جیاواز بەڕێوەببرێن.