کەشناسیی هەرێمی کوردستان پێشبینییەکانی کەشوهەوای بۆ ئەمڕۆ و سبەی چوارشەممە ڕاگەیاند و ئاماژە بە هاتنی شەپۆلێکی بارانبارین و نزمبوونەوەی پلەکانی گەرما دەکات.
ئەمڕۆ سێشەممە، 17ی تشرینی دووەمی 2026، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردووتەوە، سبەی لە ئەنجامی کاریگەری کەشێکی ناجێگیر بۆ سەر ناوچەکەمان بە تایبەت بۆ سەر سنووری پارێزگای دهۆک و پاشان پارێزگای هەولێر، لە کاتەکانی بەیانی باران بارین لەسەر سنووری پارێزگای دهۆک و ئیدارەی زاخۆ و ناوچە جیاجیاکانی باران بارین بە شێوەی نمەباران و هەندێ کات بارانی مامناوەند دەبارێت.
پاشان کاریگەریەکەی درێژ دەبێتەوە بۆ سەر سنووری پارێزگای هەولێر و ئیدارەی سۆران و ناوچە جیاجیاکانی.
سەبارەت بە پلەکانی گەرما، کەشناسی هەرێم دەڵێت: لە هەولێر و دهۆک پلەکانی گەرما دوو پلە دادەبەزن بەڵام لە سلێمانی و هەڵەبجە وەک خۆیان دەمێننەوە.
هاوکات دەستەى کەشناسیی عێراق لە ڕاگەیێنراوێکدا ئاماژە بەوە دەکات، پێشبینى دەکرێت ڕۆژى چوارشەممە ئاسمان هەور و نیمچەهەور بێت و لە هەرێمى کوردستانیش باران ببارێت و لە ناوچەکانى ناوەڕاستى عێراق ئاسمان ساماڵ و هەندێک جار پەڵەهەور بێت و پلەکانى گەرماش لە ناوچەکانى هەرێمى کوردستان بەراورد بە ناوچەکانى ناوەڕاست و باشوور کەمێک داببەزێت.