کەتائیبی حیزبوڵڵا لە بەیاننامەیەکی تونددا هۆشدارییەکی ئاراستەی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە و هەڕەشەی ئاشکراکردنی دۆسیەی کێڵگەی گازی کۆرمۆری داوە؛ ئەمەش لە کاتێکدایە کە هەڕەشە و هێرشەکان بۆ سەر ژێرخانی وزە، بەتایبەتی کۆرمۆر، گرژییەکانی نێوان لایەنە سیاسی و ئەمنییەکان زیاتر بووە.
هەڕەشەی ئاشکراکردنی دۆسیەی کۆرمۆر
لە بەیاننامەکەی «ئەبو موجاهید عەساف»، بەرپرسی ئەمنیی کەتائیبی حیزبوڵڵا، کە ڕۆژی 7ی تشرینی دووەمی 2026 بڵاوکراوەتەوە، لەگەڵ باسکردنی چەند بابەتێکی سیاسی و دارایی، بە تایبەتی ئاماژە بە دۆسیەی کۆرمۆر کراوە.
لە کۆتایی بەیاننامەکەدا هاتووە:
“نامانەوێ مەلەفی هێرشکردنە سەر (کۆرمۆر) لەبەردەم ڕایگشتیدا ئاشکرا بکەین کە کێ بۆ ئیبتیزازی ئیمارات (بۆ وەرگرتنی پارە) هێرشی دەکردە سەر کۆرمۆر.”
کەتائیبی حیزبوڵڵا لە بەیاننامەکەدا هەروەها تۆمەتەکانی پەیوەست بە سامان و داراییەکانی عەلی زەیدی باس کردووە و کۆی سامانەکەی بە 21 ترلیۆن دینار، کە بە زیاتر لە 13 ملیار دۆلار دەگات، خەمڵاندووە. ئەم تۆمەتانە تا ئێستا لەلایەن سەرچاوەیەکی سەربەخۆوە پشتڕاست نەکراونەتەوە.
کۆرمۆر لە ناوەندی گرژییەکاندا
کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە ماوەی ڕابردوودا چەند جارێک بووەتە ئامانجی هێرش و هەڕەشە. دوایین جار، شەوی یەکشەممە 8ی تشرینی دووەمی 2026، هێرشێکی درۆنی بۆ سەر ناوچەی کۆگا و بەشی بارکردنی کێڵگەکە کرا و بووە هۆی کەوتنەوەی ئاگر و ڕاگرتنی کاتیی بەرهەمهێنان؛ هێرشەکەش کاریگەریی لەسەر دابینکردنی کارەبا لە هەرێم دانا.
کۆرمۆر لە شارۆچکەی قادرکەرەم، لە سنووری قەزای چەمچەماڵی سەر بە پارێزگای سلێمانی، هەڵکەوتووە و لەلایەن کۆمپانیای دانەگازی ئیماراتی و هاوبەشەکانییەوە بەڕێوەدەبرێت. ئەم کێڵگەیە سەرچاوەی سەرەکیی دابینکردنی گازی سرووشتییە بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەولێر، چەمچەماڵ و بازیان.
لەبەر گرنگیی کۆرمۆر بۆ دابینکردنی گاز و کارەبا، هەر هێرش یان هەڕەشەیەک بۆ سەر کێڵگەکە دەتوانێت کاریگەریی ڕاستەوخۆ لەسەر کەرتی وزە و ژیانی ڕۆژانەی هاووڵاتییان دابنێت.