کەتیبەکانی حزبوڵڵای عێراق ڕایگەیاند، سەرەڕای چوونیان بۆ نێو دانوستانەکانی تایبەت بە ڕێکخستنی چەک و واژۆکردنی “ڕێککەوتنی سەروەری” لەگەڵ لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی و حکومەتدا، بەڵام سەرۆکی حکومەت بەڵێنەکانی شکاندووە و دەشڵێن: “بە هیچ شێوەیەک دەستبەرداری چەکەکانمان نابین.”
لە ڕاگەیەندراوێکدا، کەتیبەکانی حزبوڵڵای عێراق ئاماژەیان بەوە داوە کە نووسینگەی سەرۆکوەزیران لە ڕێگەی کەناڵە ئیماراتی و سعوودیەکان و هەندێک لە میدیا ناوخۆییەکانەوە ڕاپۆرتی هەڵبەستراوی بڵاوکردووەتەوە، و بەو هۆیەوە ڕووبەڕووی گەورەترین هەڵمەتی فشار بوونەتەوە بۆ ئەوەی دەستبەرداری چەکەکانیان ببن.
حزبوڵڵای عێراق جەختی لەوەش کردووەتەوە کە هەردوو دۆسیەی ناحیەی “جورفوسەخر” و چەکی “مقاوەمە” دەبێت لە دەرەوەی ململانێ سیاسییەکان بن و بە هیچ شێوەیەک لەم پرەنسیپە پاشگەز نابنەوە.
سەبارەت بە تۆمەتەکانی بەقاچاخبردنی نەوت لە ناوچەکە، لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە ئەو لیژنە هونەرییە پیشەییەی سەردانی ناحیەی جورفوسەخری کردووە بۆ دڵنیابوونەوە لە ڕاستیی تۆمەتەکان، هیچ زێدەڕۆیی و دەستدرێژییەکی لەسەر ئەو بۆرییانەی نەوت نەدۆزیوەتەوە کە بە ناوچەکەدا تێدەپەڕن، کە بە بڕوای ئەوان ئەمە بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە ناڕاستبوونی بانگەشەکانی بەقاچاخبردنی نەوت دەسەلمێنێت.
ئەم هەڵوێستەی کەتیبەکانی حزبوڵڵا دوای ئەوە دێت کە عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق فەرمانی دا سەرجەم تۆمەتبارانی بەقاچاخبردنی نەوت لە جورفوسەخری سەر بە پارێزگای بابل ڕەوانەی دادگا بکرێن و هۆشداریی توندی دا بەوەی کە هیچ بستێکی خاکی عێراق بۆ قاچاخچێتی و دزی نامێنێتەوە.