نرخی گازی ماڵان بۆ دوو هێندە بەرزبووەوە

نرخیی بازرگانیی گازی شل (LPG) بە گازی ماڵان دەناسرێت لە هەولێر بۆ دوو هێندە بەرزبووەوە، لە سلێمانی نرخ جێگیرە، بەڵام کەمبووەتەوە و بە ئەستەم دەستدەکەوێت.

ئەمڕۆ سێشەممە، 10ی تشرینی دووەمی 2026، جەنگی مەجید، سەرۆکی ئەنجوومەنی بەنزینخانەکانی هەولێر ڕایگەیاند: “ئەمڕۆ لیترێک گازی شل لە بەنزینخانەکان بە 1300 دینارە.”

لە لایەکی دیکەوە، بەهمەن شێخ قادر، گوتەبێژی بەنزینخانەکانی سلێمانی گوتی: “گازی شل لە بەنزینخانەکان زۆر کەمبووەتەوە، بەڵام بەشێکی کەمی بەنزینخانەکان ماویانە و لیتری هەر بە 500 دینارە.”

گوتەبێژی بەنزینخانەکانی سلێمانی ئاماژەی بەوە کرد، هەموو هەوڵێک دەدەن نرخ بەرز نەبێتەوە تاوەکو بەرهەمهێنانی گاز لە کێڵگەی کۆرمۆر دەستپێدەکاتەوە. گوتیشی: “ئێستا زۆر کەمە و زۆرینەی بەنزینخانەکان گازیان نەماوە.”

شەوی یەکشەممە 08-11-2026، هێرشێکی درۆنی کرایە سەر کێڵگەی کۆرمۆر لە سنووری پارێزگای سلێمانی و بەهۆیەوە بەرهەمهێنانی گاز لە پڕۆژەکە راگیرا، کە سەرچاوەی سەرەکیی گازی شل و بەرهەمهێنانی کارەبای هەرێمی کوردستانە.