نرخی غازی ماڵان لە هەرێمی کوردستان بەرزبووەوە

بەهۆی وەستانی بەرهەمهێنان لە کێڵگەی کۆرمۆر لە ئەنجامی هێرشەکەی ئەم دواییەدا، نرخی یەک بوتڵ غازی بازرگانی لە هەرێمی کوردستان لە 18 هەزار دیناری تێپەڕاند و لە 20 هەزار دینار نزیک بووەتەوە، لە بەنزینخانەکانیش نرخی یەک لیتر گەیشتووەتە 800 دینار.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 19ی تشرینی دووەمی 2026، ئاری کاکەشین، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی هەولێر ڕایگەیاند:  ماوەی پێنج ڕۆژە پارە بۆ هاوردەکردنی 760 تۆن غاز بۆ پارێزگاکانی هەرێم نێردراوە، بەڵام هێشتا وەزیری نەوتی عێراق ڕەزامەندیی لەسەر ناردنی نەداوە و بە گەیشتنیشی لە ماوەی 12 کاتژمێردا نرخەکان دادەبەزن.

بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی هەولێر هۆشداریشی دا لە ئەگەری نەناردنی ئەو بڕە غازەدا، دابینکردنی غاز کەمدەبێتەوە و نرخی بازرگانی زیاتر بەرز دەبێتەوە، هەرچەندە هەوڵ دەدرێت بەشەغازی ماڵان بەردەوام بێت کە ئێستا لە ڕێگەی بریکارەکانەوە بە 8 هەزار و 500 دینار دابەش دەکرێت.