ڕەوتی هەڵوێست، بڕیاری دوورخستنەوەی هەریەك لە سارا موحسین و سازگار فایەقی لە ڕیزەكانی دا، دوای ئەوەی بە پێچەوانەی بڕیاری بزووتنەوەكەیان بەشدارییان لە دانیشتنەكەی ئەمڕۆی پەرلەمانی كوردستاندا كرد.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 4ی تشرینی دووەمی 2026، ڕەوتى هەڵوێست ڕایگەیاند: “دوای ئەوەی سارا موحسین و سازگار فایەق، لە دەرەوەی بڕیاری ڕەوتەکە ڕۆیشتنە دانیشتنی پەرلەمان، بڕیارماندا بە دوورخستنەوەیان لە ڕەوتی هەڵوێست.”
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، “ئەم دوو پەرلەمانتارە بە هەردووكیان تەنها هەزار دەنگیان هێنابوو و بە كۆتا دەرچوون، بەڵام بڕیاری بایكۆتیان پێشێلكردوە لە كاتێكدا دروشمی سەرەكیی بانگەشەی هەڵوێست تەسلیم نەبوون بوو بەم دەسەڵاتە.”
ڕەوتی هەڵوێست ڕەخنەی توندی لەو هەڵوێستەی دوو پەرلەمانتارەكەی گرت و ئاماژەی بەوە دا كە بردن و تەسلیمكردنی دەنگی خەڵكی ناڕازی بە دەسەڵات جێگەی قبووڵكردن نییە، و جەختیكردەوە كە زۆر كەس پۆست و پارەیان دەستكەوت بەڵام متمانە و كەسایەتیی خۆیان لەدەستدا.
دوێنێ ڕەوتی هەڵوێست لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕەتیکردەوە بەشداریی دانیشتنی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی بکات، کە فراکسیۆنى پارتى داواى کردبوو بکرێت ، ڕایانگەیاند، لە سەرەتاوە بڕیارمانداوە ئۆپۆزسیۆن بین و ئەرکی ئۆپۆزسیۆن نییە دەستەی سەرۆکایەتی بۆ هێزێک یان دوو هێزی دەسەڵاتدار هەڵبژێرێت.