تاکەر کارلسۆن: لەوانەیە ئەمریکا چەکی ئەتۆمی دژی ئێران بەکاربهێنێت

ڕۆژنامەنووسێکی بەناوبانگی ئەمریکی ئاشکرای دەکات، کە بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بەردەوام گوشار لە دۆنالد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەکات چەکی ئەتۆمی دژ بە ئێران بەکاربهێنێت. ڕۆژنامەنووسەکە دەڵێت؛ لە ئێستادا ئیدارەی ترەمپ بیر لەم بابەتە دەکەنەوە و هێرشێکی لەم شێوەیە ئەگەرێکی کراوەیە.

تاكەر كارلسۆن، ڕۆژنامەنووسی بەناوبانگی ئەمریكی پۆستێکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس’ کردووە و نووسیویەتی: ” ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ لە ژێر گوشاری ڕۆژانەی بنیامین نەتانیاهۆدا تاوتوێی ئەنجامدانی هێرشی ئەتۆمی دەكات دژی ئێران كە ئامانجەكەی دامەزراوەیەكی ژێرزەمینیی ئەتۆمییە لە (چیای قوڵنگ)، دوای ئەوەی هەواڵگریی ئیسرائیل بانگەشەی دەستپێكردنەوەی پیتاندنی یۆرانیۆمی لەو شوێنەدا كردبوو.”

کارلسۆن جەخت لەوە دەکاتەوە کە هیچ چەكێک ناتوانێت بەربەستی 100 مەتریی ئەو چیایە ببڕێت، بۆیە لە ڕوانگەی تەلئەبیبەوە تاكە بژاردە لێدانی چەکی ئەتۆمییە.

بەگوێرەی ئەو سەرچاوانەی کە تاکەر باسی کردووە، نەتانیاهۆ بەهۆی دۆخی ناجێگیری سیاسیی دوای هەڵبژاردنەكان ڕۆژانە پەیوەندی بە سەرۆكی ئەمریكاوە دەكات تا هێرشەكە ئەنجام بدرێت، بەڵام دۆناڵد ترەمپ تا ئێستا بڕیاری كۆتایی نەداوە و لەگەڵ ڕاوێژكارەكانی لەوانە جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆک و ستیڤ ویتكۆف لە گفتوگۆدایە كە هێشتا دەیانەوێت بگەنە ڕێككەوتنێکی دیپلۆماسی لەگەڵ ئێران.

تاکەر کارلسۆن، یەكێكە لە ڕۆژنامەنووسە بەناوبانگەكانی ئەمریكا و دوای دوورخستنەوەی لە تۆری فۆکس نیوز لە ساڵی 2023، تۆڕی سەربەخۆی خۆی بە ناوی (TCN) دامەزراندووە.