وادەی لێخۆشبوونی گومرگی بە رێژەی 15% بۆ ئۆتۆمبێلی کارەبایی و هایبرێد کۆتایی دێت و دوای دووجار درێژکردنەوەی وادەی لێخۆشبوونەکە ئەمجارە بڕیارەکە درێژ ناکرێتەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 1ـی تشرینی دووەمی 2026، جەوهەر مەحموود، جێگری بەڕێوەبەری گشتی گومرگی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند “ماوەی لێخۆشبوونی گومرگی بۆ ئۆتۆمبێلی هایبرێد پێشتر دوو جار درێژکراوەتەوە، بۆیە دوای کۆتاییهاتنی وادەکەی لە ئەمڕۆدا، بە هیچ شێوەیەک بڕیاری نوێ بۆ درێژکردنەوەی دەرناکرێت.”
لە لایەکی دیکەوە، بازرگانان ڕوونیدەکەنەوە، ئەگەر بڕیاری لێخۆشبوونەکە درێژ نەکرێتەوە، گومرگی ئۆتۆمبێلێکی جۆری مایڵد هایبرێد کە نرخەکەی 20 هەزار دۆلارە، دەگاتە 3 هەزار دۆلار و ئەمەش ڕاستەوخۆ دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی ئۆتۆمبێلەکان بە رێژەی 15% لە بازاڕدا.
بەپێی نووسراوێکی پێشووی بەڕێوەبەرایەتی گشتی گومرگی هەرێمی کوردستان، ماوەی لێخۆشبوونی گومرگی بۆ ئۆتۆمبێلی هایبرێد لە 21ـی ئابەوە تا ئەمڕۆ 1ـی تشرینی دووەم درێژکرابووەوە. لە ئەمڕۆ بەدواوە، پرۆسەی گومرگکردنی ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلانە بە شێوەیەکی ئاسایی بەڕێوە دەچێت.