ئاگر لە هۆڵێکی ئاهەنگگێڕان کەوتەوە و 22 کەس گیانیان لەدەستدا

لە هۆڵێکی ئاهەنگگێڕان لە کینشاسای پایتەختی کۆماری دیموکراتیی کۆنگۆ شایی بووە بە شین و بەهۆی ئاگرکەوتنەوە 22 کەس گیانیان لەدەست دا و دەیانی دیکەش بریندار بوون.

بەپێی زانیارییەکانی میدیا ناوخۆییەکانی کۆنگۆ، ڕووداوەکە لە کاتی بەڕێوەچوونی ئاهەنگێکی هاوسەرگیری لە هۆڵی “پانسێ” لە ناوچەی لینگوالا ڕوویداوە.

 لە کاتی ئاگرکەوتنەوەکە خەڵک تووشی ترس و دڵەڕاوکێ بوون و بەهۆی قەرەباڵغیی دەرچوون و گڕی ئاگرەکەوە، 22 کەس گیانیان لەدەست داوە و بریندارەکانیش ڕەوانەی نەخۆشخانە کراون.

 دوای ڕووداوەکە، ژاکمان شابانی، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری ناوخۆی کۆنگۆ فەرمانی بە پشکنینی بەپەلەی تەواوی مەرجەکانی سەلامەتی بۆ هۆڵەکانی ئاهەنگگێڕان و شوێنە گشتییەکانی ئەنجامدانی چالاکییەکان لە سەرانسەری وڵات دا.

شابانی فەرمانی کردووە دەستبەجێ هەر هۆڵ و شوێنێک دابخرێت کە مەرجەکانی سەلامەتیی تێدا نییە، هاوکات لێکۆڵینەوەیەکی وردیش بۆ دۆزینەوەی هۆکاری سەرەکیی کەوتنەوەی ئاگرەکە دەستی پێ کردووە.