مەفرەزەکانی بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی سۆران تۆمەتبارێکیان بە تۆمەتی فێڵکردن و دزینی مووچەی پێشمەرگەیەک لە ڕێگەی کارتی بانکییەوە دەستگیرکرد.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 22ی تشرینی یەکەمی 2026 بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسیی سۆران، ڕایگەیاند: لە ڕێکەوتی 19/10/2026، هاووڵاتییەک سکاڵای تۆمار کردووە کە لە کاتی سەردانیکردنی ئامێرێکی ڕاکێشانی پارە (ATM) لە شاری سۆران بە مەبەستی وەرگرتنی مووچەی پێشمەرگایەتی، کەسێک بە ناوی هاوکارییەوە کارتی بانکی و ژمارەی نهێنییەکەی لێ وەرگرتووە و کارتێکی تری ساختە یان هی کەسێکی تری پێداوە، پاشان مووچەکەی بە ڕێگەی فێڵ ڕاکێشاوە و بردوویەتی.
دوای کردنەوەی پەڕاوی لێکۆڵینەوە و بە ڕەزامەندی دادوەر، هێزەکانی پۆلیس توانیویانە لە ماوەی کەمتر لە 24 کاتژمێردا ناسنامەی تۆمەتبارەکە بە ناوی (ا.ا.ح) دەستنیشان بکەن و دەستگیری بکەن. لە کاتی دەستگیرکردنیشیدا، چەند کارتێکی بانکیی هاووڵاتیانی تری پێ بووە و دەستی بەسەردا گیراوە.
لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان دەریدەخەن کە تۆمەتبار دانی بە تاوانەکەیدا ناوه و ئاماژەی بەوە کردووە کە مەبەستی بووە هەمان کار بەرانبەر چەند هاووڵاتییەکی تر دووپات بکاتەوە. لە ئێستاشدا بە بڕیاری دادوەر و بەپێی مادەی 456 لە یاسای سزادان ڕاگیراوە و رێکارە یاساییەکان بەرامبەری بەردەوامن.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سۆران هۆشداریش دەداتە هاووڵاتییان کە لە کاتی بەکارهێنانی ئامێرەکانی (ATM) وریای تەواو بن و کارتی بانکی و ژمارەی نهێنییەکانیان نەدەنە هیچ کەسێکی نەناسراو. هاوکات داوا لەو هاووڵاتییانە دەکات کە پێشتر تووشی ئەم حاڵەتە بوون، سەردانی بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان لە سۆران بکەن بە مەبەستی تۆمارکردنی سکاڵای یاسایی.