پرۆسەی دابەشکردنی مووچەی مانگی 9ـی مامۆستایانی گرێبەست و ژمارەیەک لە فەرمانبەرانی نوێی سەر بە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەست پێدەکات، بە چەند قۆناغێک تا کۆتایی هەفتە بەڕێوەدەچێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە 18ی تشرینی یەکەمی 2026 وەزارەتی دارایی هەرێم ڕایگەیاند: ئەمڕۆ یەکشەممە، دەست بە دابەشکردنى مووچەی مانگی ئەیلوولی مامۆستایانی گرێبەستی وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی دەکرێت و تا ڕۆژی پێنجشەممە 22ى ئەم مانگە، سەرجەمیان مووچەکانیان وەردەگرن .
وەک ئەوەى وەزارەتەکە بڵاوى کردووەتەوە، لەهەمان کاتدا دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ئەیلوولی سەرجەم ئەو فەرمانبەرانە دەکرێت کە لەدوای 1.7.2024 بە شێوەی گرێبەست و هەمیشەیی لەسەر میلاکی دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێم دامەزراون و شایستەکانیان لەسەر داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان خەرج دەکرێت.
ئەم دابەشکردنە لە كاتێکدایە، حکومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵ دەدات بە پشتبەستن بە داهاتە ناوخۆییەکان و ڕێکارە داراییەکان، مووچەی ئەو توێژە تازە دامەزراوانە دابین بکات کە مووچەکانیان جیا کراوەتەوە.