ئەمڕۆ یەکشەممە پەرلەمانی ئێران، بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران، مێهرداد ئەخلاقی کەتابچی وەک وەزیری بەرگری و پشتیوانیی هێزە چەکدارەکانی ئێران هەڵبژارد، کە دەبێتە شوێنگرەوەی عەزیز نەسرزادە، وەزیری پێشووتر کە لە هێرشە ئاسمانییەکانی مانگی شوباتدا کوژرا.
بەپێی ڕاپۆرتی میدیای فەرمیی ئێران (IRIB)، لە کۆی 277 پەرلەمانتاری ئامادەبوو، مێهرداد کەتابچی توانی 237 دەنگی بەڵێ، 15 دەنگی نەخێر بێ بەرامبەر دەنگی بێلایەن بەدەست بێنێت و بێتە وەزیری بەرگریی نوێی وڵات.
مێهرداد کەتابچی، کە کەسایەتییەکی دیاری پیشەسازیی مووشەکی و ئاسمانیی ئێرانە، بۆ ماوەی نزیکەی دوو دەیە لە پۆستە باڵاکانی دامەزراوە بەرگریییەکانی وڵاتدا کاری کردووە، لەوانە سەرۆکایەتیکردنی ڕێکخراوی پیشەسازییە بەرگریییەکان (DIO) و ڕێکخراوی پیشەسازییە ئاسمانییەکان (AIO) کە دوو ستوونی سەرەکیی گەشەپێدانی مووشەکی و کەرەستەی سەربازیی ئێرانن.
کەتابچی بەهۆی ڕۆڵی لە بەرنامەی مووشەکیی بالیستیکیی ئێراندا، کەوتووەتە ژێر سزای نێودەوڵەتییەوە؛ لە ساڵی 2007 لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکان، لە ساڵی 2020 لەلایەن ئەمریکا و لە ساڵی 2023 لەلایەن بەریتانیاوە سزای بەسەردا سەپێنراوە.
پەسەندکردنی کەتابچی لە کاتێکدایە کە عەزیز نەسرزادە، وەزیری بەرگریی پێشووی ئێران، لە 27ی شوباتی ڕابردوودا لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل کوژرا.