ڕووداوێکی سەختی هاتووچۆ 38 قوربانی لێکەوتەوە

 ڕووداوێکی هاتوچۆ لە پارێزگای مانیسای تورکیا روویدا و نزیکەی 40 کەس بوونە قوربانی.

ئەمڕۆ یەکشەممە 11ی تشرینی یەکەمی 2026 میدیاکانی تورکیا بڵاویان کردەوە، ئەمڕۆ کاتژمێر 11:11 خولەک، لە دەروازەی رێگا سەرەکییەکەی ئاکهیسار لە پارێزگای مانیسا، پاسێکی گەشتیاری و بارهەڵگرێک پێکیاندادا، کە پاسەکە لە بورساوە بەرەو ئیزمیر دەچوو.

ئاماژەیان بەوەش کردووە، بەهۆی ئەو پێکدادانەوە 11 کەس گیانیان لەدەست دا و 27 کەسی دیکەش بریندار بوون.

هەروەها پارێزگای مانیسا لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد، دوای ئاگادارکردنەوەیان لە ڕووداوەکە، تیمەکانی تەندروستی، ئاگرکوژێنەوە و پۆلیس دەستبەجێ ڕەوانەی شوێنی ڕووداوەکە کران.

ڕاشیگەیاند، تیمەکانی فریاکەوتن هەوڵەکانیان بۆ رزگارکردنی هاووڵاتییە زیانبەرکەوتووەکان دەستپێکرد و بریندارەکانیان ڕەوانەی نەخۆشخانە کرد و تا چارەسەری پێویستیان بۆ بکرێت.