وەزارەتی دارایی: لیست کێشەی نییە و مووچە دەنێردرێت

گوتەبێژی وەزارەتی دارایی ئاشکرای دەکات، لە دارایی فیدراڵ پێیان ڕاگەیاندوون، وردبینی لە لیستی مووچه کێشەی نییه و هیچ گرفتێک لە ناردنی مووچەدا نییە و دەنێردرێت.

ئەمڕۆ سێشەممە، 27ی تشرینی یەکەمی 2026، هونەر جەمال، گوتەبێژی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: “وەک هەموو مانگەکانی دیکە لیستی مووچە و تەرازووی پێداچوونەوە بۆ بەغدا نێردراوە و ئەوەی پەیوەستە بە ناردنی مووچەش لە دەسەڵاتی وەزارەتی دارایی عێراقدایە و ئەوان بڕیار دەدەن کەی تەمویل دەنێرن.”

هونەر جەمال، ئاشکراشی کرد: “وەکوو بە ئێمەیان ڕاگەیاندووە، وردبینی لیستی مووچه کێشەی نییه و هیچ گرفتێک لە ناردنی مووچەدا نییە و دەنێردرێت.”

لە عێراق دوو ڕۆژە دەست بە دابەشکردنی مووچە کراوە و پێشبینی دەکرێت تاوەکو کۆتایی ئەم هەفتەیە سەرجەم وەزارەتەکان پارە وەربرگرن دواتر لە سەرەتای هەفتەی داهاتوو مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان خەرجبکرێت و دەست بە دابەشکردنی بکرێت.