بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، هەموو دەستپێشخەرییەک بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت و ئاساییکردنەوەی دۆخی هەرێمی کوردستان بە گرنگ دەزانن، بەتایبەتی ئەگەر لەلایەن سەرۆکی یەکێتییەوە بێت.
ئەمڕۆ دووشەممە 12ی تشرینی یەکەمی 2026 هوشیار سیوەیلی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند: “هەر دەستپێشخەرییەک بە ئاڕاستەی پێکهێنانی حکومەت و نەهێشتنی ئەم چەقبەستووییە سیاسییەی هەرێمی کوردستان بێت، کارێکی باشە.” جەختیشی لەوە کردەوە کە پارتی لە ڕابردووشدا دەستپێشخەریی کردووە و بەردەوامیش دەبێت لەو هەوڵانە.
هوشیار سیوەیلی، ئاماژە بەوەش دەکات، ئەگەر لایەنەکانی دیکە هەنگاوێک بێنە پێشەوە، ئەوان سەد هەنگاو دەچنە پێشەوە.
لەبارەی هەوڵەکان بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی کابینەی نۆیەم، سیوەیلی ڕوونیکردەوە: “ئێمە هیواخوازین بە شێوەیەکی کردەیی بتوانرێت لایەنەکان بە زووترین کات دابنیشن و پەرلەمانی کوردستان کارا بکەنەوە، چونکە کاراکردنەوەی پەرلەمان دەبێتە هۆی خێراترکردنی هەنگاوەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێ.”
سەبارەت بە ئەنجامدانی کۆبوونەوەی نێوان لایەنەکان، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی گوتی: “کۆبوونەوە و گفتوگۆ هەیە، پەیوەندییەکانی یەکێتی و پارتی نەپچڕاون، بەڵام تا ئێستا کاتێک بۆ هیچ کۆبوونەوەیەکی ڕەسمیی ئاشکرا دیاری نەکراوە.”
قسەکانی ئەو بەرپرسەی پارتی دوای ئەوە دێت کە ئەمڕۆ دووشەممە بافڵ تالەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دیداری مێری لە شاری هەولێر پەیامێکی ئاراستەی دەسەڵاتدارانی پارتی کرد و پێی ڕاگەیاندن، بە نییەتێکی باش و پاکەوە وەرنە سەر مێزی گفتووگۆ و داوای خێرا دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکانی نێوانیانی کرد بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ.