بافڵ جەلال تاڵەبانى، سەرۆکى یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە میانى بەشداریکردنى لە پانێڵێک لە دیدارى مێرى لە شارى هەولێر، پەیامێکى ئاڕاستەى سەرکردایەتى پارتى دیموکراتى کوردستان کرد و داوای خێرا دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکانی نێوانیانی کرد بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ.
ئەمڕۆ دووشەممە 12ی تشرینی یەکەمی 2026 بافڵ جەلال تاڵەبانى، سەرۆکى یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دیداری مێری لە شاری هەولێر ڕایگەیاند: “کێشەکانی نێوان هەردوولا بچوکن و بە ئاسانی چارەسەر دەبن. هاوکات تاڵەبانی بە جەختکردنەوە لەسەر گرنگیی بەشداربوونی لایەنە سەرەکییەکان گوتی “ئێمە نامانەوێت بەبێ ئێوە حکومەت پێکبهێنین.”
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان داوای لە پارتی کرد بە نییەتێکی باش و پاکەوە بێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ و گوتی: “دڵی یەکێتی بۆ دووبارە دانیشتن و لێکتێگەیشتن زۆر پاکە و ئامادەی هەنگاوی کردارین لە پێناو بەرژەوەندیی باڵای گەلی کوردستان.”
بافڵ تاڵەبانی ئاماژەی بەوەش کرد، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا کۆبوونەوەی زۆر باش و ئەرێنی ئەنجامدراون لە نێویان کۆبوونەوەی مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی.
بافڵ جەلال تاڵەبانی لە گوتارەکەیدا هۆشداریی دا لەو ئاڵۆزییانەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەگوزەرێن و ڕایگەیاند، ناوچەکە بە گشتی لە بەردەم هەڕەشە و مەترسیی گەورەدایە. بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم دۆخە ناسەقامگیرە، پێویستە لایەنە کوردییەکان ناکۆکییەکانیان وەلابنێن و هەنگاوی کرداری بنێن. چونکە بە گوتەی ئەو “دەبێت ئێمەش لە ناوخۆی خۆماندا ڕێککەوتن بکەین بۆ پاراستنی قەوارەکەمان.”