بزووتنەوەی نوجەبا، کە یەکێکە لە گرووپە چەکدارەکانی ناو بەرەی موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق، بە فەرمی ڕەتیکردەوە چەک دابنێت یان بەشداری لە پرۆسەی سیاسیی و حکوومەتی عێراقدا بکات.
عەبدولقادر کەربەلایی، یاریدەدەری سەربازیی بزووتنەوەی نوجەبا لە ڕاگەیەندراوێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ڕایگەیاند: هەڵوێستی بزووتنەوەکەیان نەگۆڕە و بە هیچ جۆرێک لە فەرهەنگی ئەواندا بڕیاری چەکدانان بوونی نییە، چونکە لای ئەوان “چەکی بەرخۆدان (موقاوەمە) پیرۆزە.”
کەربەلایی ئاماژەی بەوەش داوە، کە ئامانجی سەرەکیی ئەوان بەدەستهێنانی سەروەریی تەواوەتییە بۆ عێراق، بنبڕکردنی گەندەڵی و دابینکردنی ژیانێکی سەربەرزانەیە بۆ هاووڵاتییانی عێراق.
ئەم هەڵوێستەی بزووتنەوەی نوجەبا لە کاتێکدایە کە حکوومەتی عێراق بەردەوام جەخت لە کۆنتڕۆڵکردنی چەک لە چوارچێوەی دەوڵەتدا دەکاتەوە، بەڵام ئەم گرووپە نزیکەی لە ئێران، تاوەکو ئێستا ئامادە نییە پابەندی ئەو بڕیارانە بێت.