پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایدەگەیێنێت کە بەرپرسیارێتیی یاسایی دەستپێکردنەوەی دانیشتنەکانی پەرلەمان لە ئەستۆی نەوەی نوێیە، لە بەرانبەردا نەوەێ نوێ وەڵام دەداتەوە و دەڵێت: “چاوەڕێى ئەوە مەکەن بێین پەرلەمان کارا بکەینەوە.”
ئەمڕۆ پێنجشەممە 22ی تشرینی یەکەمی 2026 مەرد عەلی خاڵە، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: بەرپرسیارێتیی یاسایی لای نەوەی نوێیە لەبەر ئەوەی سەرۆکی تەمەن لەوانە، بۆیە داوایان لێ دەکەین بێن دانیشتنەکانی پەرلەمان دەستپێبکەنەوە و پرۆسەی هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی لە کەشێکی دیموکراسیدا بەڕێوە بچێت.
سەبارەت بە مەرجەکانی نەوەی نوێش ئاماژەی بەوە کرد: دانانی مەرج بۆ ئەم بابەتە بە دروست نازانین؛ ئەوان هیچ هێزێکی ئۆپۆزیسیۆن نین، چونکە هاوپەیمانییان لەگەڵ لایەنێک کردووە کە بەشێکە لە حوکمڕانی، کەواتە ناکرێت بە ناوی ئۆپۆزیسیۆنەوە قسە بکەن.
ئەو پەرلەمانتارەی پارتی ڕوونێشیکردەوە، کە پارتی لاریی نییە و ئامادەیە ڕاستەوخۆ بچێتە ناو هۆڵی پەرلەمان؛ هەر لایەنێکیش دەنگی پێویست بۆ دەستەی سەرۆکایەتی بهێنێت، ئەوان پیرۆزبایی لێ دەکەن، بەڵام تاوەکو پەرلەمان کارا نەکرێتەوە، ناتوانرێت هیچ هەنگاوێکی نوێ بنرێت.
لە بەرانبەردا گۆران دیبەگەیی، پەرلەمانتارى فراکسیۆنى نەوەى نوێ لە پەرلەمانى کوردستان، وەڵامى پارتى دیموکراتى کوردستان دەداتەوە و دەڵێت، ئێمە وەک فراکسیۆنی نەوەی نوێ، خاوەنی 15 کورسیی پەرلەمانین و بە هیچ شێوەیەک چاوەڕوانی ئەوە مەبن بێین پەرلەمان کارابکەینەوە، دڵنیابن ئەوە بە هیچ جۆرێک قبووڵکراو نییە و خەڵکیش لێمان قبوڵ ناکەن.
ئەوە لە کاتێکدایە ئێوارەى ڕۆژى پێنجشەممە، کوردەوان جەمال، سەرۆکى فراکسیۆنى نەوەى نوێ لە پەرلەمانى کوردستان، پەیامێکى ئاڕاستەى پارتى دیموکراتى کوردستان کرد و ڕایگەیاند، ئەگەر پارتی راست دەکات و لە خەمی کوردستاندایە، ئەوا با دەستبەرداری پۆستەکانی پەرلەمان بێت.
پێکنەهێننانی حکومەت و کارانەکردنەوەی پەرلەمان لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە دوو ساڵی تێپەرکردووە، لایەنە سیاسییەکانیش بەتایبەتی پارتی و یەکێتی تاکو ئێستا نەگەیشتوونەتە هیچ ڕێککەوتنێک و دیاریش نیە کەی کۆتایی بەم چەقبەستوویە دەهێنن.