266 هەزار بینەر؛ یاریگا نێت سنووری نوێی میدیای وەرزشی شکاند

ڕێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتی بالۆن دۆری 2026 تەنیا بۆ دیاریکردنی باشترین یاریزانی ساڵ نەبوو؛ بەڵکو بۆ تۆڕی وەرزشیی «یاریگا» بوو بە دەرفەتێک بۆ تۆمارکردنی ژمارەیەکی مێژوویی لە بینەرانی ڕاستەوخۆ.

بەپێی ڕاگەیاندراوی تۆڕی یاریگا، لایڤی ڕێوڕەسمەکە زیاتر لە 266 هەزار بینەری ڕاستەوخۆی کۆکردەوە؛ ژمارەیەک کە یاریگا بە گەورەترین ڕیکۆردی میدیای وەرزشی لە ناوچەکە وەسفی دەکات.

ئەم ژمارەیە لەگەڵ ئەوەی تەنیا ئامارێکی بینەر نییە، بەڵکو نیشانەی گۆڕانی شێوازی پەیوەندیکردنی خەڵکە بە ڕووداوە گەورە و جیهانییە وەرزشییەکان. ڕێوڕەسمێک کە لە پێشتر تەنیا لە ڕێگەی تەلەڤیزیۆن و میدیا گشتییەکانەوە دەگەیشتە بینەر، ئێستا لەسەر پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکان توانای ڕاکێشانی سەدان هەزار بینەری هەیە.

یاریگا دەڵێت هیچ میدیایەکی دیکە لە ناوچەکە تا ئێستا نەیتوانیوە بگاتە تەنانەت 50%ی ئەم ژمارەیە. ئەگەرچی ئەم بەراوردە لە ڕاگەیاندراوی خۆی تۆڕەکەوەیە، بەڵام ئەوەی ڕوونە ئەوەیە کە یاریگا لە ڕێوڕەسمی بالۆن دۆریدا توانیویەتی سەرنجێکی فراوان لەسەر خۆی کۆبکاتەوە.

پشتبەستنی یاریگا بە بینەرەکانی لە سەرانسەری جیهان، لە ڕوانگەی تۆڕەکەوە، هۆکاری سەرەکیی ئەم سەرکەوتنەیە. ئەم ڕیکۆردە هەروەها پەیامێکە بۆ میدیای وەرزشی لە ناوچەکە: پێشبڕکێ لەسەر تەنیا بڵاوکردنەوەی هەواڵ نییە، بەڵکو لەسەر دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی بەهێزی بینەر، بەرهەمهێنانی ناوەڕۆکی ڕاکێشەر و گەیشتن بە ڕووداوە جیهانییەکانیشە.

تۆڕی وەرزشیی یاریگا بە بۆنەی تۆمارکردنی ئەم ژمارەیە، سوپاسی خوێنەر و بینەرەکانی کردووە و ڕایگەیاندووە بەردەوام دەبێت لە خزمەتکردنی وەرزش‌دۆستان و هەوڵدان بۆ دووبارەکردنەوەی ئەم جۆرە سەرکەوتنانە.