بەهۆی پێکدادانی دوو شەمەندەفەر 50 کەس گیانیان لەدەستدا

لە ئەنجامی پێکدادانی دوو شەمەندەفەری خێرا لە نێوەڕاستی ئیسپانیا 50 کەس گیانیان لەدەستدا و 179 کەسی دیکەش بریندار بوون؛ ئەمەش دووەم کارەساتی گەورەی هێڵی شەمەندەفەرە لەو وڵاتە لە ماوەی ئەم ساڵدا تۆمار بکرێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 28ـی تشرینی یەکەمی 2026، پێدرۆ سانشێز، سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا رایگەیاند: تیمەکانی فریاگوزاری لە مەیدانەکەدان بۆ پێشکەشکردنی هاوکاری بە زیانلێکەوتووان و پشتیوانی و هاوسۆزیی خۆی بۆ قوربانییان و بنەماڵەکانیان دەردەبڕێت.

بەگوێرەی راگەیەندراوی بەرپرسانی خۆجێیی، پێکدادانەکە لە مەودای 150 کیلۆمەتر لە باشووری مەدرید روویداوە. گوتەبێژی دەسەڵاتدارانی هەرێمی کاستیا لا مانچا، کە رووداوەکەی تێدا روویدا، پشتڕاستیکردەوە 50 کەس گیانی لە دەستداوە و ئەگەری بەرزبوونەوەی ئەو ئامارە هەیە.

لای خۆیەوە، مانوێل گالان، سەرۆکی شارەوانیی ئۆردا، بە تەلەڤیزیۆنی فەرمیی ئیسپانیا تی ڤی ئی راگەیاند: دوو شەمەندەفەر پێکیاندادووە و ژمارەیەک بریندار هەن.

هاوکات گوتەبێژێکی خزمەتگوزارییەکانی فریاگوزاریی ئیسپانیا ئاماژەی بەوە کردووە،  پێکدادانی شەمەندەفەرەکان سەر لە بەیانی بە کاتی ناوخۆ روویداوە. ئەو گوتەبێژە روونیکردەوە، هەموو سەرچاوەکان خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە، لەوانەش چەند تیمی ئاگرکوژێنەوە، سێ هێلیکۆپتەر و دوو یەکەی گواستنەوەی فریاگوزاریی چڕ.

ئەم کارەساتە لە کاتێکدایە، لە 18ی کانوونی دووەمی ئەم ساڵدا لە کارەساتێکی هاوشێوەدا لە شارۆچکەی ئاداموز لە باشووری ئیسپانیا، دوو شەمەندەفەری خێرا بە سەدان سەرنشینەوە لە هێڵ دەرچوون و بەهۆیەوە 45 کەس گیانیان لەدەستدا و 170 کەسی دیکەش بریندار بوون.