فڕۆکەیەک کەوتە خوارەوە و ‌هەشت کەس گیانیان لەدەستدا

لە ویلایەتی ئەلاسکای ئەمریکا، بەهۆی تێکشکانی فڕۆکەیەک لە ناوچەیەکی دوورەدەست، 8 کەس گیانیان لەدەست دا. 

ئەمڕۆ شەممە 22ی ئابی 2026 ئاژانسی ئەسۆشێتد پرێس ڕایگەیاند: دوای ئەوەی فڕۆکەکە لە هەوڵی یەکمجاریدا نەیتوانیوە بەسەرکەوتوویی بنیشێتەوە، لە هەوڵی دووەمدا تووشی ڕووداوی کەوتنە خوارەوە بووە، تەمومژی ناوچەکە هۆکار بووە بۆ ڕوودانی ئەو کارەساتە.

لای خۆیەوە، ئەنجوومەنی نیشتمانیی سەلامەتیی گواستنەوەی ئەلاسکا ڕایگەیاند؛ فڕۆکەوانەکان نەیانتوانی ڕێڕەوی نیشتنەوەکە ببینن، بۆیە ناچار بوون لە کاتی هەوڵدان بۆ نیشتنەوە بەتەواوی پشت بە ئامێرەکانی ناڤیگاسیۆن ببەستن، هەروەها جەختی کردووەتەوە ڕووداوەکە لە نزیک بنکەی ڕاداری کەیپ نیوینهام ڕوویداوە، کە دەکەوێتە 725 کیلۆمەتری ڕۆژئاوای ئەنکۆریج.

ئەنجوومەنەکە ڕوونیکردەوە، قوربانییەکان دوو فڕۆکەوان و شەش سەرنشینن، کە دوو لە سەرنشینەکان فەرمانبەری دەستەی ئەندازیارانی سوپای ئەمریکا بوون، بەڵام تا ئێستا ناسنامەیان ئاشکرا نەکراوە، ڕاشیگەیاندووە، لێکۆڵینەوەکان بۆ دیاریکردنی هۆکارەکانی ڕووداوەکە بەردەوامن.

بنکەی ڕادارەکە لە پەنجاکانی سەدەی ڕابردوو وەک بەشێک لە تۆڕێکی ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە بۆ خۆئامادەکردن بەرامبەر هەر هێرشێکی مووشەکی لەلایەن یەکێتیی سۆڤیەت دروستکراوە، ئێستا ئەو بنکەیە بۆ چاودێریکردنی ئاسمانی کەناراوەکان بەرەو ڕووسیا و کۆریای باکوور و چین بەکاردەهێنرێت.