چەند سەرچاوەیەک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە ڕایانگەیاند؛ هێزەکانی سوپای پاسداران، شوێنی مانەوەی دوو چالاکوانیان لە ناوچەی “دالاهۆ” داوەتە بەر دەستدرێژی گوللە و لە ئەنجامدا هەردوو براکە گیانیان لەدەستداوە.
ڕۆژی پێنجشەممە 28ی ئایاری 2026 سەرچاوە ناوخۆییەکان لەبارهی وردەکاریی ڕووداوەکەوە ڕایانگەیاند: هێزەکانی سوپای پاسداران، گوندی “قەڵا کەوەش”یان گەمارۆدا و بێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە، دەستڕێژی گوللەیان لەو ماڵە کرد کە “مەیسەم وەیسی” و “موجتەبا وەیسی” خۆیان تێیدا حەشار دابوو.
شایەتحاڵێک گوتی: “لە چوار لاوە تەقەیان لە ماڵەکە کردووە و هەردوو براکە دەستبەجێ گیانیان لەدەست داوە، چارەنووسی هاوڕێیەکی دیکەشیان بە ناوی “فەرشاد حاتەمیپوور” تاوەکو ئێستا نادیارە.”
مەیسەم و موجتەبا وەیسی لە کەسایەتییە ناسراو و چالاکەکانی پەیڕەوانی ئایینی “یارسان” بوون لە کرماشان، ڕۆڵی سەرەکییان هەبووە لە دامەزراندنی کتێبخانەی گەڕەکی دەڕەدرێژی کرماشان و ڕێکخستنی ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز، هاوکات موجتەبا وەیسی یەکێک بووە لە وەرزشوانە دیارەکانی زۆرانبازی لەسەر ئاستی پارێزگاکەدا.
ئەو دوو برایە بەهۆی بیروباوەڕ و چالاکییە کولتوورییەکانیانەوە، پێشتریش چەندین جار تووشی لێکۆڵینەوە و گرتن بوونەتەوە، لە دوای خۆپێشاندانەکانی زستانی ڕابردووەوە، لە ژێر چاودێری و ڕاوەدوونانی توندی دەزگا ئەمنییەکانی ئێراندا بوون.