کوردانی دەرەوەی وڵات بۆ وەرگرتنی ئیقامە پەنا دەبەنە بەر کێل و گۆڕی ساختە

گرافیک(گۆڕێکی ساختە) - داڵ میدیا

بۆ وەرگرتنی ئیقامە لە وڵاتانی ئەورووپا، بەشێک لە کوردانی هەرێمی کوردستان پەنا دەبە بەر کاری نایاسای و فێڵێکی نامۆ و تازە بەکاردەهێنن. لەم بارەیەوە گۆرهەڵکەنێک دەڵێت: ئافرەتێک داوای لێ کردم گۆڕ و کێلێکی 5 خولەکی بۆ دروست بکەم بە ناوێکی ساختە تاوەکو کوڕەکەی لە ئەورووپا ئیقامە وەربگرێت.

ئەمڕۆ دووشەممە 30ی ئاداری 2026 کیفاح حەسەن، گوتەبێژی بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند: “ئەم بابەتە زۆر ترسناک و کارەساتە, ئێمە لێکۆڵینەوە دەست پێ دەکەین و ئەوەی ئەم کارەی کردووە ڕووبەرووی دادگەی دەکەینەوە و زۆر بە جدی کاری لەسەر دەکەین.”

گۆڕهەڵکەنێک دەربارەی یەکێک لە گۆڕەکان ڕایگەیاند: ” ماوەیەک پێش ئێستا ئافرەتێک تەلەفۆنی بۆ کردم و گوتی: دەتوانی کێلێکی قەبرمان بۆ دروست بکەیت تەنها بۆ 5 خولەک؟”

بەگوێرەی گوتەی گۆڕهەڵکەنەکە، “ئافرەتەکە پێی گوتم: من کوڕێکم هەیە لە دەرەوەی وڵات نازانێت چۆن کارێک بکات بۆ ئەوەی دیپۆرت نەکرێتەوە، ئێمەش بیرۆکەی فێڵێکمان هەیە کێلێکی قەبر بە ناوێکی ساختەی ئافرەتێک و ڕێکەوتێکی ساختەی بۆ دروست بکەین لەسەریشی بنووسین گۆڕی فڵانی کچی فڵان و بە ڕووداوێکی دڵتەزێن وەفاتی کردووە.”

ئەوەی زیاتر گۆڕهەڵکەنەکەی شۆک کردووە، کە وەک خۆی باسی دەکات، “کوڕی ئافرەتەکە لە دەرەوەی وڵات، وا خۆی پیشان دەدات کە ئافرەتە ساختەکە خۆشەویستی بووە، خانەوادەکەی کوشتویانە ئێستاش هەڕەشە لە کوڕەکە دەکەن، ئەگەر کوڕەکە بگەرێتەوە کوردستان دەیکوژن و خانەوادەی کچەکە دەڵێن: چۆن لەگەڵ کچەکەی ئێمە بویت دەبێت تۆش بکوژین، ئینجا کوڕەکەش لە ڕێگەی پارێزەرەکەیەوە لە دەرەوەی وڵات کارەکان دەکات.”

گۆڕهەڵکەنەکە دەڵێت: “منیش ڕازی بووم و کارەکەم کرد، کێلە ساختەکەم دروست کرد. دەزانم کارەکەم نایاساییە، بەڵام هاونیشتمانییان وازمان لێ ناهێنن.”

ئەم بابەتە دیاردەیەکی نوێیە لەنێو ئەو کەسانەی ڕوویان لە وڵاتانی ئەورووپا کردووە. پەنا بۆ ئەم کارە دەبەن تاوەکو دیپۆرتی وڵاتەکەیان نەکرێنەوە، لەبارەیەوە پۆلیس هۆشداری دەدات و بە کارێکی مەترسیداری ناو دەبات.