پرۆسەی خوێندنی ئۆنلاین چۆن دەبێت؟

حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا دەوامی ئاسایی ناو پۆل لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندنی پەروەردە و خوێندنی باڵا ڕابگرێت و پرۆسەی خوێندن تەنها بە شێوازی ئۆنلاین و دیجیتاڵی بەردەوام دەبێت.

ئەمڕۆ یەکشەممە 29ـی ئازاری 2026، فەرمانگەی میدیا و زانیاری ڕایگەیاند: “لەبەر ڕۆشنایی کۆبوونەوەی هاوبەشی وەزارەتە پەیوەندیدارەکان، حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری داوە لەم قۆناغەدا پرۆسەی خوێندن بە شێوازی ئامادەبوونی فیزیکی لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندنی پەروەردە و خوێندنی باڵا ڕابگیرێت.”

بە پێی بڕیارەکەی فەرمانگەی میدیا و زانیاری بێت؛ خوێندن بۆ هەموو قۆناغەکان تەنیا بە شێوازی ئۆنلاین و دیجیتاڵی بەردەوام دەبێت.

ڕێنماییەکانی وەزارەتی پەروەردە لەسەر خوێندنی ئۆنلاین چین؟

قوتابخانە حکومییەکان:

. بەشێوەی خوێندنی ئەلیکترۆنی و دیجیتاڵی دەتوانن سوود لە خزمەتگوزارییەکانی پلاتفۆرمی ( ئی-وانە) و پلاتفۆرمی (قوتابخانەکەم) وەربگرن، یان سوود لە گروپە ئەلیکترۆنییەکانی قوتابخانەکان وەردەگرن بۆ پێدانی ئەرکی ماڵەوە لەلایەن مامۆستایان بەشێوەی ڕۆژانە.

پەخشکردنی هەموو وانەکانی قۆناغەکانی خوێندن لە هەرسێ (تەلەفزیۆنی پەروەردەیی) هەولێر و سلێمانی و دهۆک کە لەهەموو شار و شارۆچکەکانی کوردستان پەخشیان هەیە.

  قوتابخانە ناحکومییەکان:

. سیستمی وەزارەتی پەروەردە و قوتابخانە ناحکومییە نێودەوڵەتیەکان و بیانییەکان خوێندنی ئۆنلاین بەگوێرەی سیستمی خۆیان بەرکار دەکەن .

وەزارەتی پەروەردە دڵنیایی دەدات: “لەکاتی گونجاو هەموارکردنەوە و گۆڕانکاریی لە ساڵنامەی خوێندن دەکرێت و کاتی تاقیکردنەوەکان دیاری دەکرێت و مافی قوتابیان پارێزراو دەبێت”.

ئەم هەنگاوەی حکوومەت دوای ئەوە دێت کە لە چەند رۆژی ڕابردوودا بەهۆی پەرەسەندنە ئەمنییەکانەوە، چەندین جار پشووی فەرمی لە ناوەندەکانی خوێندن ڕاگەیەندراوە.