لە ڕووداوێکی هاتووچۆدا دایکێک و دوو منداڵ گیانیان لەدەستدا

بەهۆی ڕووداوێکی هاتووچۆ لەسەر ڕێگەی ‘نەغەدە’ بۆ ‘پیرانشار’ شەش کەس بوونە قوربانی. سێ کەسیان گیانیان لەدەستدا و سێ کەسی تریش برینداربوون.

ئەمڕۆ دووشەممە 23ی شوباتی 2026 ئەمیر عەلی نەژاد، بەڕێوەبەری فریاکەوتنی نەغەدە لە پارێزگای ورمێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕایگەیاند: “ڕووداوەکە لەنزیک گوندی قارنێ لەنێوان ئۆتۆمبێلێکی تایبەت لە جۆری پراید و بارهەڵگرێکدا ڕوویداوە.”

ئەمیر عەلی نەژاد گوتیشى: “سێ لە سەرنشینەکان کە گیانیان لەدەستداوە دایکێک و دوو منداڵن، سێ کەسی تریش کە برینداربوون گوازراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەی نەغەدە.”

ئەمە لە کاتێکدایە، بە گوتەی پۆلیسی ڕێگەوبانی ئێران لە نۆ مانگدا 15 هەزار و 513 کەس بە ڕووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە. هاوکات ڕووداوی هاتووچۆ لە ئێران بە سێیەمین هۆکاری مردن دادەنرێت.