سوپای عێراق لە کەرکووک سوکایەتی بە خێزانە کوردییەکان دەکات

بەرەبەیانی ئەمڕۆ سوپای عێراق لە کەرکوک هێرشى کردە سەر ماڵباتێکی کورد و بە زەبری هێز لە ماڵەکەیان دەریانکردن، پارێزگاری کەرکووکیش لەم بارەیەوە ڕایگەیاند: ئەو خێزانە گەڕاونەتەوە ماڵەکەی خۆیان.

ئەمڕۆ یەکشەممە 22ی شوباتی 2026 لە گەڕەکی نەورۆزی شاری کەرکووک، سوپای عێراق هەڵیکوتایە سەر ماڵباتێکی کورد و داوایان کرد ماڵەکەیان چۆڵ بکەن، بە بیانووی ‘زێدەڕۆیی و موڵکایەتیی وەزارەتی بەرگری.”

ڕێبوار تەها، پارێزگاری کەرکوک ڕایگەیاند: “ئەو خێزانەم گەڕاندەوە نێو ماڵەکەیان کە دەرکرابوون. بەدڵنیایەوە سوپای عێراق لێرە نامێنێت و ئیدارەی ئەم خانووانەش لای من دەبێت.”

ڕێبوار تەها گوتیشی: “ئەو مەفرەزانەی سوپای عێراق کە لەم گەڕەکانە دانراون ئاگاداری هاتنەوەی ئەو دوو ماڵە نەبوون بۆ خانووەکانیان. ئەوەی بەرانبەر ئەم دوو ماڵە کراوە، کردەوە و هەڵسوکەوتی ئەو ئەفسەرانەیە کە خۆیان چاویان لەوەیە بڕۆنە ئەو ماڵانە و داگیریان بکەن و ئەمە هەڵسوکەوتی سوپای عێراق نییە.

لەلایەکی دیکەوە خاوەن خانووەکە ڕایگەیاند: “پێیان گوتم، خانووەکە جێبهێڵم، بەڵام بە قسەم نەکردن و ئەوانیش هێرشیان کردەسەرم و لێیان دام.”

شایەتحاڵێک لەم باریەوە دەڵێت: “بەرەبەیانی ئەمڕۆ ڕووداوەکە ڕوویداوە، خاوەنی ماڵەکە لەگەڵ خێزانەکەی گەڕاونەتەوە ماڵەوە و دواتر لەلایەن سوپاوە هێرشیان کراوەتەسەر.”

داڵ میدیا زانیوویەتی، ئەو کاتەی سوپای عێراق هێرشی کردۆتە سەر ئەو خێزانە، خاوەن ماڵ بۆ ژەمی پارشێو لە میوانداری بووە، دەستیان بەسەر خانووەکەیدا گرتووە و ڕێگەیان نەدا بگەڕێنەوە ماڵەکەیان و سوکایەتیشیان پێکردوون.

هاوکات سوپای عێراق خانووەکانی گەڕەکی نەورۆزی شاری کەرکووک بە موڵکی خۆی دەزانێت، لە کاتێکدا پێشووتر ماڵباتی کوردی تێدابوون. کێشەی نێوان خاوەنی ئەو خانووانە و سوپا لە دادگەیە و تا ئێستا یەکلایی نەبووەتەوە.